وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداری دەدات کە کات پرسێکی یەکلاکەرەوەیە و دەبێت واشنتن بە خێرایی سزاکان بەسەر ڕژێمی ئەحمەد شەرعدا بسەپێنێتەوە، بۆ ئەوەی گوشار دروست بکات و هێرشەکانی سەر هەسەدە ڕابگرێت.
ئەمڕۆ هەینی 13ی شوباتی 2026، مایک پۆمپیۆ وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریکا، لە پەیامێکدا ڕای گەیاند، پێویستە ئەمەریکا بە خێرایی جووڵە بکات بۆ گێڕانەوەی هەژموونی خۆی بەسەر ڕژێمی ئەحمەد شەرعدا.
پۆمپیۆ داوای کردووە سزاکان بەسەر حكوومەتی سووریادا بسەپێنرێنەوە، وەک ئامرازێک بۆ گوشارخستنە سەر دیمەشق تا پابەند بێت بە پاراستنی کەمینەکان و کشانەوەی ئەو هەڵمەتەی کە لە دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەستی پێ کردووە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، پۆمپیۆ دووپاتی کردەوە کە ئەم هەنگاوانە پێویستن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر سەرهەڵدانەوەیەکی داعش و ڕای گەیاند، کات پرسێکی یەکلاکەرەوەیە و نابێت دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت.