پێگەی ئەكسیۆسی ئەمەریكی ئەمڕۆ شەموو بڵاوی كردەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا چەند پەیامێكی لە ڕێی سوڵتاننشینی عومان گەیاندووەتە عەلی لاریجانی سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی كۆماری ئێران، لەوكاتەی سێشەمی ڕابردوو لاریجانی لە مەسقەت بوو و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عومان كۆبووەوە.
پێگەكە لە زاری بەرپرسێكی
ئەمەریكا گواستوویەتیەوە، ستیڤ ویتكۆف نێردەی تایبەتی ئەمەریكا پێش گەیشتنی لاریجانی بۆ عومان، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوڵتاننشینی عومان قسەی كردووە و چەند پەیامێكی ئەمەریكای لەبارەی دۆسیەی بەرنامەی ناوكی كۆماری ئیسلامیی ئێران پێ ڕاگەیاندووە، تا ئەمیش بە ئێرانییەكانی بگەیەنێت.
بەرپرسەكە دووپاتی كردووەتەوە، وەزیری دەرەوەی سوڵتاننشینی عومان پەیامەكەی ئەمەریكا كە بە تەلەفۆن پێی ڕاگەیەنرابوو، كردووە بە بەڵگەنامەیەك و پێشكەشی عەلی لاریجانی سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی كردووە.
هاوكات عەلی لاریجانی لە میانەی دیدارێكی تەلەڤزیۆنی لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران، پشتڕاستی وەرگرتنی بەڵگەنامەكەی كردەوە كە لەلایەن ئەمەریكاوە بۆ ئێران ڕەوانە كراوە.
هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی عومان بڵاوی كردەوە، بەدر ئەلبوسەعید وەزیری دەرەوەی وڵات لەگەڵ عەلی لاریجانی كۆبووەوە، هەردوولا دووپاتیان لە بۆچوونیان لەسەر پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان كردەوە و بە گرنگیشەوە لە گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و هاریكاری یەكتر لە پێناوی پشتیوانیكردنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەكەیان ڕوانیوە.