سوودانی دووپات لە جێبەجێكردنی سیستمی ئەسكۆدا دەكاتەوە

:: PM:09:11:14/02/2026 ‌

بە مەبەستی زیادكردنی داهات و سووككردنی ئەو تەنگژەی ئابووری و داراییەی قووڵی لە عێراق هەیە، حكومەتی عێراق بڕیاری زیادكردنی تاریفەی گۆمرگی لە بەندەر و دەروازە سنوورییەكان و جێبەجێكردنی سیستمی ئەسكۆدای دا، ئەوەش ناڕەزایەتیی گەورەی بارزگان و خەڵكەكەی لێ كەوتەوە، ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی لە جێبەجێكردنی سیستمەكە كردەوە.

وەك لە بەیاننامەیەكی نووسینگەی هاتووە، ئەمڕۆ شەموو محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەیەكی بۆ بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە 957ی ساڵی 2025ی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی رێوشوێنەكان سەبارەت بە تاریفیەی گومرگی و سیستمی ئەسكۆدای لە دەروازە سنوورییەكان كرد. 

لەو كۆبوونەوەی بەڕێوەبەرانی گشتیی دەستەی دەروازە سنوورییەكان و باج و گومرگ و ژمارەیەك راوێژكاری سوودانی ئامادەی بوو، دووپات لە پێویستیی بەردەوامبوونی هەوڵەكان بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكان و جێبەجێكردنی تاریفەی گومرگی و سیستمی ئەسكۆدا بە تەواوەتی كردەوە، بەو پێیەی ئەو هەنگاوە بەرجەستەی چاكسازییەكی تەواو دەكات.

سوودانی پاڵپشتی لە رێوشوێنی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی لە بازگەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردەوە، ئەوەش بە مەبەستی یەكخستنی رێوشوێن و رسوومات لە تەواوی دەروازەكان و گەیشتن بە دادوەریی ركابەری لە بازاڕەكان و بەهێزكردن و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، جیا لە مسۆگەریی وەرگرتنی جیاوازیی رسوومات بە رێكوپێكی.

سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری دەركرد بۆ ئاسانكردنی بردنەدەرەوەی كاڵای بازرگان و هاوردەكاران لە بەندەرەكان، لە رێگەی بەسفركردنی پشكی حكوومەت لە كرێی ئەمباركردنی كاڵاكان لە بەندەرەكان، كە بووەتە هۆی دواخستنی بردنەدەرەوەی كاڵا و كۆنتێنەرەكان لە سەرەتای 2026ەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل