لە دوای هێرش و پەلاماری گرووپە چەكدارەكانی سووریا بۆ سەر كورد، بەرپرسانی رۆئاوای كوردستان رایان لەبارەی ئەو چەمك و زاراوانە و ئەو پڕۆژانەی پێشوویان گۆڕاوە، ئێستە باسی خۆبەڕێوەبەری كوردیی و بابەتی نەتەوەیی لە سووریا دەكەن.
پێشتر بەهۆی برایەتیی گەلان و كۆمەڵێك چەمك و بابەتی فكری تر، بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان زۆر بابەتی فكرییان بۆ سووریا دەخستەڕوو، ئەوەی بایەخیان پێ نەدەدا، بابەتی نەتەوەیی بوو.
بەڵام دوای پلانەكە بەرپرسانی كورد لەو پارچەیە رایان گۆڕاوە، مەزڵووم عەبدی لە میونشن بە ئاشكرا گوتی، ئێمە هەرێمێكی كوردیمان لە سووریا دەوێت كە كورد خۆی مەرجەعی خۆی بێت.
هاوكات ئیلهام ئەحمەدیش رای گەیاند، تا ئێستە جیاوازی لە تێڕوانینەكاندا هەیە، چونكە حكوومەتی سووریا تەنیا باسی سیستمێكی لامەركەزی دەكات و ئامادە نییە بە فەرمی ددان بە ئۆتۆنۆمیدا بنێت.
گوتیشی، كار دەكەن بۆ دروستكردنی مەرجەعییەتێكی كوردیی هاوبەش لەگەڵ ئەنەكەسە، تا هەموو لایەنە كوردییەكان لەسەر پرسە نیشتمانییەكان كۆك بن.
بەئاشكرا ئێمە بەسووریامان گوتووە هەرێمێكی كوردی خۆبەڕێوەبەریمان دەوێت، كورد تێیدا خۆی بڕیاری لە ژیانی رۆژانەی خۆی بدات و كاروباری ناوچەكە بەدەست كوردەوە بێت.
لەدوای پلانەكەی سەر رۆژئاوای كوردستان و پەلاماری ئەو عەرەبانەی كورد داوای برایەتیی لەگەڵ دەكردن، رای شەقامی كوردی پڕ بوو لەو باسانەی كە برایەتیی گەلان كۆتایی هاتووە، چیتر كورد پێویستە باسی كێشە نەتەوەییەكانی بكات و بۆ گەلانی ناوچەكە خۆی بەكوشت نەدات.
پیشتر بەرپرسانی كورد لە سووریا زۆر دژی پڕۆژە نەتەوەییەكان دەجووڵانەوە، تەنانەت رێگەیان نەدەدا ئاڵا و هێما كوردییەكان لەو پارچەیەی كوردستان هەبن، بەڵام شەڕ و پەلامارەكە رای زۆرینەیانی گۆڕیوە، بەتایبەت ئەوانەی بەرپرسی هێزە چەكدارەكان، ئەوە لە كاتێكدا لەناو پەیەدەدا هێشتا خەڵكانێكی زۆر هەن هەر باس لە برایەتیی گەلان دەكەن.