بۆ یەكەمجار لە رۆژئاوای كوردستان، دامەزراوەیەكی ئێزیدی بۆ رۆشنبیری و گەشەپێدان دامەزرا و وەك لە راگەیەنراوی دامەزراندنەكەیدا هاتووە، بنكە سەرەكییەكەی لە شاری حەسەكە دەبێت.
ئەنجوومەنی باڵای ئاینی ئێزیدی لە هەرێمی كوردستان، پیرۆزبایی لەو دامەزراوەیە كرد و ئەمەی بە هەنگاوێكی پڕ بەرەكەت زانی بۆ چەسپاندنی ناسنامەی رەسەنی ئێزیدی، پاراستنی میراتی ئاینی و كولتووری و بەرەوپێشبردنی بەهاكانی پێكەوەژیان و ڕێزگرتنی یەكتر لە نێوان پێكهاتە جۆراوجۆرەكانی ناوچەكەدا.
دووپاتی لەسەر گرنگی پابەندبوونی دامەزراوەكە بە سەربەخۆیی و بێلایەنی كردووەتەوە، هیوادارە دامەزراوەكە دوور بێت لە دامەزراوەیەكی سیاسی و كار و چالاكییەكانی تەنیا بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵگە بێت، ئامادەیی خۆیشی بۆ هاوكاریكردن و پێدانی زانیاریی دروست بە پشتبەستن بە دەقە ئاینییەكانی ئێزیدی دەربڕی.