رۆژنامەی "جمهوریەت"ی توركی: كۆنفرانسی میونشن كۆنفرانسی دداننان بوو بە كورد

:: AM:10:20:16/02/2026 ‌
رۆژنامەی "جمهوریەت"ی توركی رای گەیاند، هاكان فیدان كە لە دوو ساڵی رابردوودا بەشداریی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشنی دەكرد لە ئەڵمانیا، ئەمساڵ ئامادە نەبوو، محەمەد شیمشەك وەزیری گەنجینە و دارایی و لێڤێنت گومروكچو جێگری  وەزیری دەرەوە چوون، هاوكات ئیبراهیم كاڵن سەرۆكی دەزگای هەواڵگریش بەشداریی كردبوو.

رۆژنامەكە ئاماژە بەوە دەكات، رووداوێكی دیار لە كۆنفرانسەكەدا، بەشداریكردنی مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات و ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی بەشی كاروباری دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری باكور و رۆژهەڵاتی سووریا بوو وەك بەشێك لە شاندەكەی دیمەشق.

ئایدن سێزەر شرۆڤەكاری سیاسی لە هەڵسەنگاندنی ئەم پێشهاتانەدا بۆ رۆژنامەی جمهوریەت دەڵێت: لە سەرەتاوە پێم وابوو كە كورد لە سووریا شكستی نەهێناوە، فەرمانی ژمارە 13 كە لەلایەن شەرعەوە دەرچوو، هەڵبژاردنی كوردێك بۆ پارێزگاری حەسەكە ئاماژە بوون بۆ ئەمە، لە میونشنیش بەتەواوی روون بووەوە كە ئەم بابەتە ددانپێدانان و شەرعییەتێكی نێودەوڵەتیی بەدەست هێناوە، ددان بە واقیعی كورددا نراوە، كوردەكان بەشێوەیەكی تایبەت تێكەڵ بە حكوومەتی ناوەندی دەكرێن، بەو مەرجەی كە سووریا دابەش نەبێت، ئەوان بەشداریی كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا نەدەكرد، ئەگەر ئەمەریكا نەبوایە، لە ژێر فشاری كۆنگرێسدا ئەمە كرا. 

ئایدن سێزەر پێی وایە، توركیا دڵتەنگ و بێزارە بەمە، چونكە رەنگە چاوەڕوانی نەكردبێت بەو ئاستە دەرفەت بە كورد بدرێت لە كۆنفرانسەكەدا، هەروەها ئاستی جەماوەرێتی و هەوڵەكان بۆ باشتركردنی وێنەیان، یان ڕەنگە زۆر درەنگ هەستی پێ كردبێت، یان ڕەنگە سەرنجی دابێت و دەستوەردانی كردبێت، بەڵام شكستی هێنابێت، ئەمە یەكێكە لە خاڵە گرنگەكان، بۆیە پێم وایە چیتر توركیا هیچ بژاردەیەكی تری لە بەردەستدا نییە، ئەو پێكهاتەیەی كە لە رۆژئاوا سەرهەڵدەدات، بنیاتێكی خۆبەڕێوەبەری دەبێت، هاوشێوەی مۆدێلی هەرێمی كوردستان لە عێراق.

ئەوەشی گوتووە، جگە لەوەش توركیا هێشتا ئەم كەسانە بە تیرۆریست دەزانێت، ئەم ددانپێدانانە نێودەوڵەتییە و هۆشیارییە و لە هەمووشی گرنگتر دروستكردنی پێوەندیی و چوونە ناوەوە، توركیا كۆتوبەند دەكات، ئێستە بە توركیا دەڵێن: سەیركە برام، ئەم پیاوە بەشێك بوو لە شاندی وەزیری دەرەوەی سووریا، تۆ پێشتر بە شەیبانیت دەگوت "پیاوی توركیا"،  ئێستە دەبێت دانوستان لەگەڵ رژێمی دیمەشق بكەن لەبارەی كوردەكانی سووریا، ئەمەش یەكێكە لە خاڵە گرنگەكان، بۆیە من باوەڕم وایە كە توركیا ئیتر هیچ بژاردەیەكی تری لە بەردەستدا نییە، ناچار دەبێت واقیعی تایبەت بە كوردەكانی سووریا قبووڵ بكات.

بەپێویستشیی دەزانێ توركیا دەستبەجێ‌ واز لە مامەڵەكردن لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد وەك تیرۆریست بهێنێت و دەڵێت، ئێمە ئەم نەرم و نیانییەمان بەرانبەر بە "تیرۆریستێكی زۆر گەورەتر بە ناوی عەبدوڵا ئۆجەلان" نواندووە، پێویستە گەرەنتییەكی راستەقینە بدەین بەم دوو كەسە و بانگهێشتی توركیا بكرێن.



وشە - سۆران عەزیز