كورد داوای پۆستی سوپاسالار لە حكوومەتی داهاتووی عێراق دەكاتەوە

:: AM:10:33:16/02/2026 ‌
پۆستی سوپاسالاری سوپای عێراق لە 2004ەوە تا 2014 پشكی كورد بوو لە حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، بەڵام دواتر ئەو پۆستە لە كورد وەرگیرایەوە و درا بە سوننە، لە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق لایەنەكانی كورد داوای ئەو پۆستە دەكەنەوە، وەك بەشێك لە دابەشكردنی دەسەڵات لە نێوان سێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراق كە لە سەرەتای دامەزراندنی حكوومەتی نوێی عێراقەوە لەسەری ڕێككەوتوون و وەك عورفێكی سیاسیی لێ هاتووە. 

سەرچاوەیەك لەوبارەیەوە بە ڕۆژنامەی "عالەم ئەلجەدید"ی ڕاگەیاندووە، كوردەكان داوای وەرگرتنەوەی پۆستی سوپاسالار دەكەن وەك بەشێك لە پۆستەكان كە لە دوای پێكهێنانی یەكەم حكوومەتی عێراق لە پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام لەسەری ڕێككەوتوون، چونكە لە ئەنجامی دابەشكردنی پۆستەكان لە 2004ەوە ئەو پۆستە پشكی كورد بووە و تا 2014یش لیوا بابەكر زێباری پۆستەكەی وەرگرتووە. ئەم دابەشكردنەی پۆستەكانیش بەگوێرەی بڕیارێكی پۆل برێمەری حاكمی مەدەنی عێراق لە ناو وەزارەتی بەرگریی عێراق دێت، كە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس دووبارە سوپای عێراقی دامەزراندەوە و ڕێكخستەوە. 

ئەو سەرچاوەیە ڕوونی كردەوە، لە قۆناغی پێش كەوتنی مووسڵ، جۆرێك لە ناگونجاوی لە نێوان سەركردە سەربازییەكان و دەسەڵاتەكانیان دروست بووبوو، ئەمەیش كاریگەریی نەرێنی لەسەر بەڕێوەبردنی سوپا هەبوو، بۆیە ئەمە هانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراقی دا، لیوا بابەكر زێباری خانەنشین بكات و عوسمان غانمی وەك سوپاسالاری نوێ دەستنیشان كرد، ئەمە گونجاوییەكی زۆری لە نێوان سەركردە سەربازییەكان و بەڕێوەبردنی جەنگی دژە تیرۆر دروست كرد. 

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، لە بەرانبەر پۆستی سوپاسالار، كورد فەرماندەی فیرقەی 10ی و فەرماندەیی هێزی ئاسمانی و بەڕێوەبەری گشتیی هەواڵگری و ئاسایش و یاریدەدەری سوپاسالار بۆ مەشق و ڕاهێنان و سكرتێری گشتی وەزارەتی بەرگری عێراقیان وەرگرتووە، داواكردنەوەی ئەو پۆستە لە كاتێكدایە كە دۆخی سیاسی و سەربازی هەستیارە و دابەشكردنی پۆست لە ناو دامەزراوە سەربازییەكان، پێویستە پشت بە پێوەری پیشەیی و هاوسەنگی و نیشتمانیبوون ببەستێت، بۆ جێگیركردنی دامەزراوە سەربازییەكان و دووبارە نەكردنەوەی هەڵەی قۆناغەكانی پێشوو. 

لەوبارەوە عیماد یوحەننا ئەندامی پێشووی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان گوتی، داواكردنی پۆستە تەناهییەكان مافی هەموو پێكهاتەكانە، بەڵام پێویستە لە هەمان كاتدا مادەی نۆی دەستووری عێراق جێبەجێ بكرێت، كە هاتووە سوپای عێراق لە هەموو پێكهاتەكانی گەل پێكدێ و هەمەجۆری و هاوسەنگی و نوێنەرایەتیی هەمووان، بێ جیاكاری و دوورستنەوەی هیچ لایەك پێویستە لە بەرچاو بگیرێت. بە مەرجێك ئەو دابەشكارییە نەگۆڕێ بۆ بەخشینی دەرفەتی حزبی لە سەرووی پیشەییبوون و لێهاتووییەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د