ئەمەریكا لەبەر كورد ئۆكراینای پەراوێز خست

:: AM:10:57:16/02/2026 ‌
بڕیار بوو ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە پەراوێزی كۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایش، لەگەڵ لووتكەی وڵاتانی ئەوروپا لەبارەی جەنگی ئۆكراینا كۆ ببێتەوە، بەڵام وەزیری دەرەوە بەشداریی لووتكەكەی نەكرد و لەبری ئەوە، لەگەڵ سەركردەكانی كورد كۆ بووەوە و دانیشتنی ساز كرد و دەڵێ، كۆبوونەوەیەكی مێژووییم لەگەڵ كوردەكان كرد. 

ماركۆ ڕۆبیۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی سلۆڤاكیا رۆبەرت فیكۆ، داوای لێبوردنی لە ئامادەنەبوونی لە لووتكەی ئەوروپا لەبارەی ئۆكراینا كرد، لە هەمان ئەو كاتەی كە لووتكەكەی ئەوروپایش كۆبوونەوەیان لەبارەی ئۆكراینا ساز كرد، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەگەڵ شاندی كورد لە كۆبوونەوە بوو. 

بڕیار بوو لووتكەی وڵاتانی ئەوروپا بە بەشداریی ئەمەریكا لەبارەی ئۆكراینا بە ئامادەبوونی سەرۆكی وڵاتانی فینلاند و پۆلەندا و ئەڵمانیا و كۆمسیۆنی یەكێتیی ئەوروپا و شاندی ئەمەریكا، لە پەراوێزی كۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایش ئەنجام بدرێت. بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا سوور بوو لەسەر بەشدارینەكردن لە لووتكەكە و داوای لێبوردنی كرد كە ناتوانێ لە كۆبوونەوەیەكی لووتكەكە لەبارەی ئۆكراینا بەشدار بێ، ئەمەیش بەهۆی دیدارێكی مێژوویی كە لەگەڵ شاندی كورد لە كۆنفرانسەكە ئەنجامی دا. 
 
مارۆك رۆبیۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا گوتی، نەمتوانی بەشداری كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە ئۆكراینا بكەم كە چوار وڵاتی ئەوروپایش تێیدا بەشدار بوون، هەرچەندە ویستی زۆرم هەبوو بۆ بەشداریكردن، بەڵام بەهۆی سەرقاڵبوونم بە كۆبوونەوە لەگەڵ كورد و شاندی سووریا، كە هەردوو كۆبوونەوەكە لە یەك كاتدا ئەنجام دەدرا، نەمتوانی لە هەردووكیان ئامادە بم و لەگەڵ كورد و سوورییەكان دانیشتم، زۆرن ئەمە بە كێشە دەبینن، بەڵام هیچ كەس ناتوانێ لە یەك كاتدا لە دوو شوێن ئامادە بێت. 

زیاتر گوتی، لەگەڵ مەزڵووم عەبدی سەركردەی هێزەكانی سووریای دیموكرات و وەزیری دەرەوەی سووریا بە نوێنەرایەتی ئەمەریكا كۆ بوومەوە، دیدارەكە زۆر مێژوویی بوو كە لەگەڵ كورد سازم كرد.


وشە - باز ئه‌حمه‌د