گومان لە تەندروستیی پوتین دەكرێت.. 10 رۆژە دیار نییە

:: AM:11:07:16/02/2026 ‌
ئێستە كە رووسیا لەناو جەنگێكی گەورە لەگەڵ ئۆكراینادایە، زۆربەی چاوەكان لە دنیادا لەسەر سەرۆكەكانی ئەو دوو وڵاتەن، بۆیە كاتێك سەرۆكێك دەكەوێتە دەرەوەی هاوێنەی رۆژنامەوانان، گومان هەڵدەگرێت. ماوەی 10 رۆژە سەرۆكی رووسیا دیار نییە، بۆیە گومان لە خراپیی تەندروستیی دەكرێت.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ دووشەم 16ی شوبات، لە میدیاكانی رووسیای وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، ماوەی 10 رۆژە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا لە میدیاكاندا دەرنەكەوتووە و دیار نییە، پێشتریش كە گومان لە تێكچوونی تەندروستیی ئەو سەرۆكە دەكرا، بۆیە ئێستە هەمان گومان دەكرێت و دەگوترێت دیارنەمانی پێوەندیی بە تەندروستییەوە هەیە.

لە چەند رۆژی رابردوودا میدیاكانی رووسیا چەند گرتەیەكی پوتینیان بڵاو كردەوە كە چاوی بە چەند بەرپرسێك دەكەوێت، بەڵام دەگوترێ ئەو گرتانە كۆنترن و هی ئێستە نین، بەڵام كاتێك ماوەی 10 رۆژ دیار نامێنێت، گومان لە تەندروستیی دەكرێت، چونكە پێشتریش چەند راپۆرتێك لەبارەی تەندروستیی پوتین بڵاو كرانەوە، وەك لەرزینی دەستی و تێكچوونی دەموچاوی و تێكچوونی هەنگاوەكانی.

چەند ساڵێك بەرلە ئێستەیش ماوەیەك پوتین لە میدیاكاندا دەرنەكەوت، ئەوكاتیش گوترا سەرۆك تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە و باركنسون بووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەك لەوبارەیەوە بڵاو نەكرایەوە.

لەلایەكی تریشەوە كیر جایلز لێكۆڵەر لە كاروباری رووسیا لە دامەزراوەی چاتام هاوس گوتی، ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە سەرۆك پوتین دۆخی تەندروستیی باش نییە، لەگەڵ ئەوەیشدا بە وردی ئەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە، چونكە ئەوە لە كرێملین بە نهێنی دەمێنێتەوە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د