بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا، بڕیاری پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێی سووریا بە دەسەڵاتی فراوانەوە دەربكات و پێكهاتەكانیش ڕۆڵیان تێدا هەبێت، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایش سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی سووریا دیاری دەكات، واشنتنیش فەهد ئەلمەسری سەرۆكی پارتی سووریای ئازادی بۆ ئەو پۆستە دیاری كردووە.
كەناڵی
ئای 24 نیوزی ئیسرائیلی بڵاوی كردەوە، چاوەڕوان دەكرێ لە هەفتەكانی داهاتوودا، پڕۆژەی كاركردن لەسەر پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێی سووریا بە دەسەڵاتی تەواوەوە، لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە فەرمانی بۆ دەربكرێت، كەناڵەكە ئەمەی لە زاری سەرچاوەیەكی سووری نزیك لە شەرع گواستووەتەوە و دەڵێ، لەو حكوومەتە نوێی كەسایەتی لە پێكهاتە جۆراوجۆرەكانی سووریا جێگەیان بۆ دەكرێتەوە، هەوڵ بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی پێكهاتەكان دەدرێ و ئەو كەسایەتییانەی پۆستیش وەردەگرن، دەبێ شەرعییەتی ناوخۆی و نێودەوڵەتییان هەبێت.
دیارترین كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی نوێی سووریا، فەهد ئەلمەسری سەرۆكی پارتی سووریای ئازاد دەبێ، بەرپرسێكی ئەمەریكی لەوبارەیەوە گوتی، حكوومەتی ترەمپ پشتیوانییەكانی ئەلمەسری بۆ هەڵوێستەكانی ئەمەریكا بە بایەخەوە سەیر دەكات، سووریا دەتوانێ سوودی زۆر لە توانا و ڕۆڵی كاریگەریی ئەلمەسری وەربگرێت.
سەرچاوەیەكی سووری لەوبارەیەوە گوتی، حكوومەتی نوێی سووریا پلانێكی ماوە ماوەیی دەبێت، بۆ تێكەڵكردنی چەند وەزارەتێك بە ئامانجی بەدیهێنانی تەواوكاری زیاتر و لێهاتوویی باشتر.