ئەمەریكا مانۆری گواستنەوەی ئامێری كارتیاكەری ئەتۆمی بە فڕۆكە ئەنجام دەدات

:: PM:01:02:16/02/2026 ‌
دیمەنێك كە لە فیلمەكانی خەیاڵی زانستی دەچێت، هێزی ئاسمانیی ئەمەریكا لە ئەركێكی تایبەت و لە ژێر ناوی "ویندلورد"، ئامێرێكی كارتیاكەری ئەتۆمی پێشكەوتوو "مفاعل نووی"یان لە ڕێی فڕۆكەی بارهەڵگرەوە و لە ئاسمانەوە گواستەوە. ئەمەیش وێڕای مەترسییە زۆرەكانی، بەڵام هێزی ئاسمانیی ئەمەریكا توانیان بە سەركەوتوویی كارەكە ئەنجام بدەن. 

ئەمە وەك مانۆڕێكی سەربازی بوو و لە ساڵی ڕابردووەوە دۆناڵد ترەمپ فەرمانی بۆ دەركردووە و ئامادەكاری بۆ دەكرێت، لە پرۆسەكە سێ فڕۆكەی بارهەڵگری سەربازی لە جۆری سی 17، هەستان بە گواستنەوەی پێكهاتەی هەشت كارتیاكەری ئەتۆمی لە جۆری وارد 250 كە لەلایەن كۆمپانیای ڤالار ئۆتۆمیكس بەرهەم هێنراون، پرۆسەكە لە بنكەی مارشی یەدەگی ئاسمانی لە باشووری كالیفۆرنیاوە بۆ بنكەی هێلی ئاسمانی لە ناوچەی یۆتا ئەنجام درا، لەوێوەیش پێكهاتە برانە وێستگە و تاقیگەی سان رافائیل بۆ وزە لە شاری ئۆرنجفیل بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێن و تاقیكردنەوەی فراوان لەسەریان. 

ئەمە یەكەمجارە كە ئامێری كارتیاكەری ئەتۆمی لە ڕێگەی ئاسمانەوە بگوێزرێتەوە، بەڵام لە میانەی ئەو مانۆڕ و بەرنامە مەشقییەی كە وەزارەتی وزەی ئەمەریكا بۆ پەرەپێدانی وێستگە ئەتۆمییەكانی هەیەتی، توانرا پرۆسەكە بە سەركەوتوویی ئەنجام بدرێ و فەرمانەكەی ترەمپ كە لە ساڵی ڕابردووەوە دەریكردبوو، بە وریاییەوە جێبەجێ بكرێت. 

ئامانج لەو ئۆپراسیۆنانە بریتییە لە خێراكردن و پەرەپێدانی زیاتری تەكنەلۆجیا لە بواری سەربازی و بازرگانی، هەروەها سوپای ئەمەریكا پێویستی بە دەستەبەركردنی سەرچاوەی كارەبای نەرم و تەناهـ هەیە كە توانای فراوانبوونی تواناكەی هەبێت، چونكە ئەو كارەبایەی لە تۆڕە لۆكالییەكانەوە پێیان دەگات، دەپچڕی و تووشی هێرش دەبێتەوە. ئەو كارتیاكەرە ئەتۆمیانە چارەسەرێكی زانستی گونجاون بۆ بنكە سەربازییە دوورە دەستەكانی ئەمەریكا كە دەكەونە دەرەوەی ناوچە ئاوەدانەكان و كارەبایان پێ ناگات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د