فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرای کرد، بە فەرمی بانگهێشتی ئەمەریکا کراون و ئەگەر بوار بڕەخسێت سەردانەکە ئەنجام دەدەن، هاوکات باس لە کاریگەریی پەیامەکانی ئیمڕاڵی دەکات لەسەر ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ دیمەشق.
ئەمڕۆ دووشەم 16ی شوباتی 2026، مەزڵووم عەبدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ستێرک تی ڤی" ڕای گەیاند، لە میونشن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆ بووینەوە، جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەی کراوە یەکێکە لە داواکارییەکانی دۆناڵد ترەمپ.
عەبدی دووپاتی کردەوە، بە فەرمی بانگهێشت کراوین بۆ ئەمەریکا، ڕەنگە ئەو سەردانە ئەنجام بدەین ئەگەر بوار بڕەخسێت.
سەبارەت بە ڕۆڵی ئۆجەلان، فەرماندەکەی هەسەدە ئاشکرای کرد، لەم دواییانەدا دوو پەیاممان لە ئیمڕاڵییەوە پێ گەیشت، پەیامێکی تر پێش ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم گەیشت، ئیمڕاڵی کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئەو ڕێککەوتنانە هەیە و ڕۆڵی لە پرسی سووریادا زۆر گرنگە.
لەبارەی پێوەندی لەگەڵ تورکیا، عەبدی گوتی، پێوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە، لەگەڵ تورکیاش کەناڵی کراوە هەیە و پرۆسەی ئاشتی کاریگەریی لەسەر ئەمە دەبێت، دەمانەوێت تورکیا ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕێت.
مەزڵووم عەبدی هێڵی سووری بۆ سوپای سووریا دانا و گوتی، ئامادەنەبوونی ژنان لە سوپای سووریا کێشەیە، بۆ ئێمە هێزی ژنان هێڵی سوورە، لە کاتی دانوستانەکاندا بە ڕوونی ئەوەمان ڕاگەیاندووە دەبێت یەکەیەکی ژنان لە هەموو لیوایەکدا هەبێت.
لە کۆتاییدا فەرماندەی هەسەدە گوتی، ڕەنگە شەڕێکمان دۆڕاندبێت، بەڵام خەبات بەردەوامە و ئەوەی بەدەستمان هێناوە بەس نییە، نابێت گەلەکەمان پاشەکشە بکات.