سیاسه‌تمه‌دارێكى عێراق: ده‌سه‌ڵاتى عێراق ده‌ڕووخێت و برێمه‌رێكى نوێ داده‌نرێت

:: PM:03:59:17/02/2026 ‌
ئاراس حه‌بیب سكرتێرى كۆنگره‌ى نیشتمانى عێراق له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى ده‌ڵێ، "ده‌سه‌ڵاتى عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ ده‌ڕووخێت و سزاى توند به‌سه‌ر عێراق ده‌سه‌پێنرێت و دواتریش برێمه‌رێكى نوێ داده‌نرێت".

ئه‌مڕۆ سێشه‌م 17ى شوبات لێدوانێكى ئاراس حه‌بیب بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێ، "ده‌سه‌ڵاتى عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ ده‌ڕووخێت و ئه‌مه‌ریكا برێمه‌رێكى نوێ له‌ عێراق داده‌نێت" ئه‌م لێدوانه‌ى ئاراس حه‌بیب كه‌ریم له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ گرژى كه‌وتووه‌ته‌ نێوان پێوه‌ندى ئه‌مه‌ریكا و عێراق به‌هۆى كاندیدبوونى نوورى مالیكى بۆ پۆستى سه‌رۆكایه‌تى حكوومه‌تى عێراق.

چاودێرانى سیاسى ئه‌و لێدوانه‌ى ئاراس حه‌بیب به‌ پروپاگه‌نده‌ى سیاسى ده‌زانن و پێیوایه‌ عێراقى ئێستا ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى له‌ ده‌ست سێ پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ و دۆخى عێراق هاوشێوه‌ى 2003 نییه‌. پۆل برێمه‌ر له‌ 2003 له‌ عێراق دانرا وه‌ك فه‌رمانڕه‌واى مه‌ده‌نى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق.

له‌ راپۆرتێكى به‌غدا توده‌ى هاتووه‌، ناوهێنانى پۆل برێمه‌ر له‌لاى عێراقییه‌كان مایه‌ى ترس و نیگه‌رانى ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌و چه‌ندان بڕیارى له‌ دژى عێراق دا وه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى سوپا.


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل