سوننە لەبارەی رەمەزانەوە بوونەتە دوو بەش

:: PM:08:20:17/02/2026 ‌

ئەمشەو لە زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامی چاودێریی بینینی هیلالی مانگی رەمەزان كرا، لە هەندێكیان كە هیلالیان بینی سبەی یەكەم رۆژی مانگی رەمەزانە و لەوانەشی نەیانبینی پێنجشەم یەكەم رۆژی مانگەكەیە، لە هەرێمی كوردستان مانگ بینرا و سبەی یەكەم رۆژی مانگی رەمەزانە، لای شیعەش پێنجشەم یەكەم رۆژە، هەرچی سوننەیە بوونەتە دوو بەش.

ئەمشەو وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، سبەی یەكەم رۆژی مانگی رەمەزانە و مانگ بینراوە، وەزارەتەكە رای گەیاند لە ئاسمانی هەرێمی كوردستان مانگ بینراوە، بۆیە لیژنەی باڵای بینینی مانگ بریاری دا سبەی 18ی شوبات، یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان بێت.

هەر ئەمشەو بەشی فەتوا لە دەستەی زانایانی ئیسلامی لە عێراق رای گەیاند كە بەپێی شەرع هاتنی مانگی رەمەزان سەلمێنراوە و سبەی چوارشەم یەكەم رۆژی مانگەكەیە، بۆیە پیرۆزبایی لە گەلی عێراق و موسڵمانانی دنیا بە هاتنی مانگی رەمەزان دەكەین و پێویستە موسڵمانان بەرۆژوو بن و رێزی بگرن. 

هەرچی دیوانی وەقفی سوننەیە لە عێراق، رای گەیاند كە سبەی چوارشەم یەكەم رۆژی مانگی رەمەزانە، مەجمەعی فیقهی عێراقیش رای گەیاند كە سبەی چوارشەم یەكەم رۆژی مانگی رەمەزانە، لەوكاتەی ئەمینداریەتیی باڵای فەتوا لە عێراق رای گەیاند كە سبەی چوارشەم تەواوكەری مانگی شەعبانە و پێنجشەم یەكەم رۆژی مانگی رەمەزانە.

رافیع تەها ریفاعی ئەمینداری گشتیی ئەمینداریەتیی باڵای فەتوا، موفتی عێراق لە بەیاننامەیەك دووپاتی كردەوە كە ئەمشەو هیلالی مانگی رەمەزان نەبینراوە و سبەی چوارشەم تەواوكەری مانگی شەعبانە و پێنجشەم یەكەم رۆژی مانگی رەمەزانە.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل