هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دووەم گەڕی دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، ئامادەسازیی سەربازی و كۆكردنەوەی هێز لە ناوچەكە بەردەوامە، ئەمڕۆ ئێران مانۆرێكی سەربازی لە گەرووی هورمز ئەنجام دا، هاوكات كۆكردنەوەی هێزی سەربازیی ئەمەریكا لە كەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە، بەپێی ماڵپەڕێكی ئەمەریكی ژمارەیەك فڕۆكەی پێشكەوتووی جەنگیی ئەمەریكی رەوانەی ناوچەكە كراون.
ئەمڕۆ سێشەم ماڵپەڕی
"ئاكسیۆس"ی ئەمەریكی ئاشكرای كرد كە لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو، زیاتر لە 50 فڕۆكەی پێشكەوتووی جەنگی لە جۆرەكانی "ئێف35" و "ئێف22" و "ئیف 16"، رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كراوە، ئەو هەنگاوەش هاوكاتە لەگەڵ جموجۆڵی فرەوانی سەربازی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كەنداو و لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری ئەمەریكا لەسەر ئێران دێت.
ماڵپەڕەكە لە راپۆرتێكی ئاماژەی كرد كە كەشوهەوای دانوستانە ئەتۆمییەكانی ئەمڕۆی ئێران و ئەمەریكا لە جنێڤ ئەرێنی بووە و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پێشنیازێكی گەشبین و هاندەری خستووەتە روو، بەرپرسێكی ئەمەریكیش دەڵێت، گفتوگۆكان بەو شێوە بەڕێوە چوون كە پێشبینی دەكرا، وەك ئاماژەیەك بۆ پێشوەچوونێكی كەم بە بەراورد بە گەڕەكانی پێشوو.