فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و هۆشداری دەدات کە شێوازی بەڕێوەبردنی دانیشتنەکان پێچەوانەی کۆدەنگیی سیاسییە.
ئەمڕۆ سێشەم 17ی شوباتی 2026، فراکسیۆنی پارتی ڕای گەیاند، فراکسیۆنی پارتی بابەتی زیادکردنی بڕگە بۆ بەرنامەی کار، بە پێشێلکردنی دەستوور و پێڕەوی ناوخۆ و کۆدەنگیی سیاسی دەزانێت.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەوەی لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق ڕوویدا لە زیادکردنی بڕگە بۆ خشتەی کاری پەرلەمان، پێچەوانەی بڕگەکانی مادەی (37/دووەم)ی پێڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانە.
فراکسیۆنی پارتی دووپاتی دەکاتەوە، ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای دەستوور و پێچەوانەی کۆدەنگیی سیاسیی نێوان پێکهاتەکانە، بۆیە ڕەتکردنەوەی یەکجارەکیی خۆمان ڕادەگەیەنین لە هەمبەر ئەو پێشێلکارییەی کە ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەران ڕوویدا و بووە هۆی تێکدانی ڕێکەوتنە سیاسییەکان، کە ئەمەش پێچەوانەی پرەنسیپی کۆدەنگی و هاوسەنگییە لە دانانی پۆستە باڵاکانی دەوڵەتدا.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، بۆیە ناڕەزایی خۆمان بۆ ئەم شێوازەی بەڕێوەبردنی دانیشتنەکان لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دەردەبڕین و ڕەتی دەکەینەوە و هۆشداری دەدەین لە دووبارەبوونەوەی، وە لێرەدا دووپات لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە بنیاتنانی دەوڵەت بە قۆرخکردنی بڕیارەکان و پەراوێزخستنی مافی پێکهاتەکانی خەڵک بەدی نایەت.