تا ئێستە دۆخی عێراق روون نییە، لە هەموو لایەك تەنگژەی قووڵ هەیە، پێوەست بە لایەنی سیاسی دۆخەكە لە نێوان هەڕەشەی ئەمەریكا و داخرانی سیاسی دێت و دەچێت، سەركردەیەكی شیعە دووپاتی دەكاتەوە كە چوارچێوە بەدوای پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێزن و لەسەر سازانی كورد وەستاون.
عامر فایز روونی كردەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بابەتی پێكهێنانی سێیەكی پەكخەر لەناو پەرلەمان پێوەست بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ترسی نییە، كە نووری مالیكی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق رادەسپێرێت، بابەتی پێكهێنانی حكوومەت لەسەر بەشداریی محەمەد حەلبووسی و حزبەكەی ناوەستێت، هاوكات هەندێك هێزە سیاسییەكانی چوارچێوە كە بە كاندیدكردنی مالیكی رازی نەبوون، ئێستە هەڵوێستیان گۆڕاوە، بۆیە هەر دوای رێككەوتنی كورد لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار، حكوومەتی دێتە پێكهاتن.
فایز دووپاتی كردەوە، ئەزموونی سیاسی لە عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە هەڵوێستی كۆتایی و جێگیر نییە، بەڵكو هەڵوێستەكان بەپێی دۆخەكە و لێكگەیشتن دەگۆڕێت، ئەوەش وا دەكات رێگە لەبەردەم پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق واڵا بێت، ئەگەر لایەنە كوردییەكان بابەتی كاندیدی سەرۆك كۆمار یەكلا بكەنەوە.
شایەنی باسە چەند مانگێك بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تێپەڕ بووە و تا ئێستە تەنیا سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەوڵبژێردراوە، هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و راسپاردنی كاندیدی گەورەترین بارستەی پەرلەمان بەهۆی ناڕەزایەتیی ناوخۆیی و دەرەكییەوە پەكی كەوتووە.