گوشارەكانی ئەمەریكا لەسەر عێراق بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی دوور لە كاریگەریی ئێران تا دێت زیاتر دەبێت، بەپێی زانیارییەكان ئەمەریكا پەیامی بە شیعە داوە بۆ گۆڕینی كاندیدی ئێستەیان بۆ سەرۆك وەزیران و دانانی كەسێكی دوور لە ئێران لەو پۆستە، سەركردەیەكی سوونەش پێشبینی كشانەوەی نووری مالیكی لە كاندیدبوون دەكات.
فەهد راشد سەركردە لە هاوپەیمانی سیادەی خەمیس خەنجەر گوتی، پێشبینی دەكەین نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەستپێشخەری كشانەوەی لە كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بكات، چونكە ئەو خاوەن مێژوویەكی گەورە و دێرینی سیاسییە و سوورە لەسەر بەرژەوەندییەكانی عێراق، ئەوەش لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و دوورخستنەوەی وڵات لە سزاكانی ئەمەریكا.
روونی كردەوە، ئێمە كێشەیەكمان لەسەر كەسی مالیكی نییە، بەڵام وەك هەموو هێزە سیاسییەكانی تر ترسمان لە لێكەوتەكانی رەتكردنەوەی ئەمەریكا بۆ كاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هەڕەشەكان بە سەپاندنی سزای ئابووری و گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی سەرەتا هەیە، بۆیە پێشبینی دەكەین مالیكی بڕیارێكی كتوپڕ بە كشانەوەی لە كاندیدبوون بدات.
بەپێی سەرچاوەكان چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە نیازە كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوە لەبارەی كاندیدبوونی نووری مالیكی ساز بكات، ئەوەش بەر لە كۆتاهاتنی دو ا وادەی ئەمەریكا بۆی دیاری كردوون كە سبەی پێنجشەمە، كاتێك ئەمەریكا لە رێگەی سەركردەیەكی شیعە 48 سەعاتی بۆ دیاری كردبوون، بەڵام داوایان كردبوو وادەكەیان پێنج رۆژ بۆ درێژ بكاتەوە كە دەكاتە سبەی، بۆیە ئەوان هەوڵ دەدەن بابەتەكە یەكلا بكەنەوە.