سیناریۆ ڕەشەکە: ئەگەر ئێران گەرووی هورمز دابخات عێراق ناتوانێت مووچە بدات

:: PM:02:38:20/02/2026 ‌
شارەزایەکی ئابووری هۆشداری دەدات، ئەگەر ئێران گەرووی هورمز دابخات، داهاتی عێراق بۆ خوار یەک ملیار دۆلار دادەبەزێت و تەنیا بەشی 14%ی مووچە دەکات، چونکە عێراق ڕێگەی جێگرەوەی نییە.

ئەمڕۆ هەینی 20ی شوباتی 2026، نەبیل مەرسوومی مامۆستای زانکۆ و شارەزای ئابووری، لە شیکردنەوەیەکدا مەترسییەکانی داخستنی گەرووی هورمزی لەسەر عێراق خستە ڕوو. 

مەرسوومی ڕای گەیاند، ئەگەر ئێران گەرووی هورمز دابخات، ڕێگری لە عێراق دەکرێت نەوتەکەی لە باشوورەوە هەناردە بکات و هەناردەی ڕۆژانە لە 3.4 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ 210 هەزار بەرمیل دادەبەزێت.

بەپێی داتاکانی مەرسوومی، لەو کاتەدا عێراق تەنیا دەتوانێت 200 هەزار بەرمیل لە ڕێی بەندەری جەیهانی تورکیا و 10 هەزار بەرمیل لە ڕێی تانکەرەوە بۆ ئوردن بنێرێت.

ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوە داوە، تەنانەت ئەگەر بەهۆی داخستنی گەرووەکەوە نرخی نەوت بۆ 150 دۆلاریش بەرز ببێتەوە، هێشتا داهاتی مانگانەی عێراق لە نزیکەی حەوت ملیار دۆلارەوە بۆ خوار یەک ملیار دۆلار دادەبەزێت.

مەرسوومی دووپاتی کردەوە، ئەو پارەیە بەشی هیچ ناکات و تەنیا بەشی 14%ی مووچەی فەرمانبەران دەکات.



وشە - پۆڵا مەحموود