دیسان دۆخی پارێزگای میسان تێكچوو

:: PM:03:49:20/02/2026 ‌
سەرچاوەیەكی تەناهی ئاشكرای دەكات لە 16 سەعاتی رابردوو لە میسان بێ بوونی هۆكارێكی دیار تەقە لە خەڵك دەكرێت و چەندان كەس كوژران و بریندار بوون.

ئەمڕۆ هەینی 20ی شوبات، سەرچاوەیەكی تەناهی بە ماڵپەڕی شەفەق نیوزی راگەیاندووە لە 16 سەعاتی رابردوو چەندان رووداوی تەقەكردن و هێرشی چەكداری لە پارێزگای میسان " عمارە" لە باشووری عێراق روویان داوە.

 لەوانە چەند چەكدارێكی نەناسراو چوونەتە سەر ماڵێك لە گەڕەكی سەورەی ناوەڕاستی عمارە، خاوەنی ماڵەكەیان كوشتووە. هەروەها چەند چەكدارێكی تر تەقەیان لە ماتۆرسوارێك كردووە و كوشتوویانە. 

چەندان رووداوی تری برینداربوونیش هەبووە، لەوانە لە كاتی بەڕێوەچوونی یارییەك لە گەڕەكێكی میللی گۆڵچییەك فیشەكی بەركەوتووە و بریندار بووە بێ ئەوەی بزانرێت سەرچاوەی تەقەكردنەكە لە كوێ بووە.

 بەهۆی چەكی عەشایەری و میلیشیاكان و مافیاكانی مادەی هۆشبەر، میسان لە باشووری عێراق بە ناسەقامگیرترین شار دادەنرێت و تەنانەت ئەو چەكدارانە چەندان جار رووبەڕووی هێزەكانی دەوڵەتی عێراق دەبن و تەقەیان لێ دەكەن.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل