میدیاكانی ئەمەریكا لە زاری بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا "
پنتاگۆن" بڵاویان كردەوە، لە بنكەكانی سەربازی ئەمەریكا لە قەتەر و بەحرێن سەتان سەربازی ئەمەریكا كشێنراونەتەوە، لە پەراوێزی زۆربوونی گرژییەكان و ئەگەری جێبەجێكردنی گورزی سەربازی لە دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران.
پرۆسەی جێهێشتنی سەربازانی ئەمەریكا هەریەك لە بنكەی سەربازی ئەلعەدید لە قەتەر و ژمارەیەك بنكەی سەربازی تر لە بەحرێنی گرتووەتەوە، سەربازانی كەشتیگەلی پێنجەمی سەربە هێزەكانی دەریایی ئەمەریكان.
بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا لەبارەی بوونی سەربازانی ئەمەریكا لە بنكەكانیان لە وڵاتانی تری ناوچەكە ڕوونیان كردووەتەوە، كە ئێستە سەربازانی ئەمەریكا لە بنكەكانی سەربازی عێراق و سووریا و كوێت و سعوودیە و ئوردن و ئیمارات نەماون و سەرجەمیان كشێنراونەتەوە.
كشاندنەوەی سەربازان لەو بنكە سەربازییانەی ئەمەریكا لە ناوچەكە لە كاتێكدایە، لە هەفتەی ڕابردوو بە دەیان فڕۆكەی جەنگی و فڕۆكەی گوێزەرەوەی سوپای ئەمەریكا گەیشتنە ئەو بنكە سەربازییانە، دوێنێش كەشتی فڕۆكەهەڵگری جیراڵد فۆرد گەیشتە ئاوەكانی دەریای ناوەڕاست و سەرۆكی ئەمەریكایش نایشارێتەوە كە تاوتوێی وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئەمەریكا دەكات.