ئێستە شیعە بە ناهەموارترین دۆخیان لە فەرمانڕەوایەتی لە عێراق تێپەڕ دەبن، ئەوان كەوتوونەتە نێوان ئەمەریكا و ئێرانەوە، لەسەر ویستی ئێران كاندیدی سەرۆكی حكوومەتی نوێیان دیاری كرد و لەسەر ویستی ئەمەریكا دەبێت بیگۆڕن، لەو ناوەدا چاوەڕوانی گڵۆپی سەوزی تارانن بۆ گۆڕین یان پاشەكشەی خۆویستانەی كاندیدەكەیان.
بەپێی دوایین زانیاری، ئەمەریكا ماوەیەكی كاتی بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی دیاری كردووە بۆ گۆڕینی كاندیدی سەرۆكی حكوومەت و دانانی كەسێكی دوور لە بازنەی كاریگەریی ئێران، دەشبێت ئەو حكوومەتی لە عێراق دروست دەبێت بەتەواوەتی لە بازنەی ئێران و میلیشیاكانی بەدوور بێت، ئەگینا واشنتن مامەڵەی لەگەڵ ناكات و سزاشی دەخاتە سەر، لەوكاتەی عێراق لە ئێستەوە بەدەست دواكەوتنی مووچەوە دەناڵێنێت و بەرگەی زیاتر ناگرێت.
چەند سەرچاوەیەك رایان گەیاند كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەرەو سازكردنی كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوە بۆ كۆتهێنانی بە داخرانی سیاسی و بڕیاری كۆتایی لەبارەی كاندیدبوونی نووری مالیكی بە لابردنی یان هێشتنەوەی دەچێت، ئەوان دەیانەوێ یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بن، ئەو ئاراستەی ئێستە لە ناو چوارچێوەكە هەیە بەرەو دیاریكردنی كەسێكی گونجاوە لەگەڵ ئەو دۆخە و بەتوانا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئابووری و تەناهییەكان هەیە.
بەپێی سەرچاوەكە دوای كۆبوونەوەكە و رێككەوتنیان وادەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیاری بكرێت، كە تیایدا كاندیدی شیعە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ رادەسپێرێت، لەو كۆبوونەوەیە چوارچێوە سێ بژارەی هەیە، یەكەمیان پاڵپشتی لە مانەوەی مالیكی وەك كاندید، دووەم هاندانی بۆ كشانەوەی خۆویستانە، سێیەم گۆڕینی بە دەنگدان و دانانی كەسێكی لە شوێنی ئەو.