تا ئێستە ئەمەریكا دەهۆڵی شەڕ لە دەوروبەری ئێران دەكوتێت و ئێرانیش هەوڵی مانەوەی رژێمەكەی دەدات، لە لایەك دانوستانەكان بەردەوامن، لە لایەكی تری ئامرازەكانی شەڕ و هێرشی سەربازی لە ناوچەكە زیاتر دەكرێن و گوشاری نەوتیش خەریكە بەسەر ئێران دێتە سەپاندن، عێراق بە بەردەوام گۆڕەپانی هەر ململانێیەكی تاران و واشنتن بووە، شارەزایان پێیان وایە پەرێزی ئێران و عێراق تێكەڵن و هەر ئاگرێك هەردووكیان دەستووتێنێت.
عەلا نشووع شارەزای تەناهی ئاماژە دەكات، هەر هێرشێك بۆ سەر ئێران لە دەوروبەرەكەی دوور نابێت و كاریگەری و رەنگدانەوەی راستەوخۆ لەسەر عێراق لە رووەكانی سیاسی و تەناهی و ئابووری دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر حكوومەتی عێراق كۆنترۆڵی هەڵسوكەوتی میلیشیاكان نەكات، لەوانەی لە سەر بە ئێرانن و رێگریان لێ نەكات كاردانەوەیان بەرانبەر بە ئەمەریكا هەبێت.
روونی كردەوە، لەو كاتەدا سنوورەكانی عێراق و ئێران دەبنە ناوچەیەكی زۆر مەترسیدار و دەكەونە ژێر چاودێری وردی ئەمەریكا و هەر جموجۆڵێكی سەربازی و لۆجیستی خاكی عێراق دەكەنە بەشێك لە شەڕەكە، ئەگەر میلیشیاكانیش لە عێراقەوە درۆن و مووشەك لە دژی ئەمەریكا بەكار بێنن، بەغدا دەخەنە ناو راگەیاندنی شەڕ و ژێرخانی تەناهی و ئابوورییەكەی لە كۆنترۆڵ دەردەچن و ئەگەری هەیە شەڕ بكەوێتە چەند ناوچەیەكی سنوورەكانی، بەتایبەتی ئەگەر دزەكردن لە ئێرانەوە بەرە ناو عێراق دەست پێ بكات.
لای خۆیەوە سەیف رەعد شارەزای تەناهی پێی وایە عێراق لە ستراتیجیەتی ئێران وەك قووڵاییەكی بەرگری سەیر دەكرێت، بۆیە كاریگەرییەكی گەورەی تەناهی و سیاسی و ئابووریی هەر هێرشێكی سەربازی و تەناهیی ئەمەریكای دەكەوێتە سەر، ئەگەری هەیە تاران میلیشیاكانی لە ناوچەكە دژ بە ئەمەریكا بەكار بێنێت و ئەوەش واتە بۆردمانكردنی بنكە سەربازییەكانی لە بەغدا و هەولێر، ئەوكاتیش حكوومەتی عێراق دەكەوێتنە ژێر گوشاری راستەوخۆی واشنتن بۆ بەرپەرچدانەوەیان، یان ئەمەریكا راستەخۆ وەڵامیان دەداتەوە و دۆخی وڵات ئاڵۆز دەبێت.
ئەو شارەزایە وریایی لە رەنگدانەوەی خێرای ئابووریی هەر شەڕێك لەسەر عێراق دەدات بەوەی رێوشوێنەكانی سنوور بەهێزتر دەبن و ئەگەری داخستنیان هەیە، ئەوەش هاتنی كاڵاكانی دەوەستێنێت و ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخ هەیە.