داعش هەڕەشە لە حكوومەتی نوێی سووریا دەكات

:: PM:10:35:21/02/2026 ‌

ساڵانێك بوو هەردوو رێكخراوی قاعیدە و داعش كێبەركێیان بوو لە دڕندەیی و تاوان و كوشتن، ئەوان تەقینەوە و خۆتەقاندنەوە و سەربڕینیان داهێنا و لە شنگال كوردانی ئێزدییان كۆمەڵكوژ كرد و ژن و كچەكانیان بە كەنیزەك بردن، لە رەفتارێكی خیڵەكی دوور لە هەموو بەهایەكی مرۆیی و ئاینیدا، دوای گەیشتنی تەحریری شام بۆ دەسەڵات لە سووریا، داعش هێرشی دەكاتە سەر حكوومەتی نوێی سووریا.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو ئەبو حوزەیفەی ئەنساری گوتەبێژ بەناوی داعش لە تۆمارێكی دەنگی كە لە سەكۆكانی رێكخراوە تیرۆریستییەكەی بڵاو كرایەوە گوتی، حكوومەتی سووریا، حكوومەتێكی عەلمانی و لە ئاین هەڵگەڕاوەتەوە و پێویستە بۆ رزگاركردنی شام شەڕ لە دژی بەرپا بكرێت.

روونی كردەوە، چارەنووسی ئەحمەد شەرع لەوەی بەشار ئەسەد جیاواز نابێت، دووپاتی كردەوە كە سووریا لە دەسەڵاتی ئێرانەوە بۆ دەسەڵاتی توركیا و ئەمەریكا چووەتە دەرەوە، رژێمی جۆلانی ملكەچی دەسەڵاتی ئەمەریكایە و ئەو بووكەڵەیەكی بێ گیانە و لەپێش پەردەوە نەك لە پشتەوەی دەیجووڵێننەوە.

شایەنی باسە ركابەرییەكی گەورە لە نێوان هەردوو رێكخراوی داعش و قاعیدە هەیە، بەتایبەتی كە دەستەی تەحریری شام، واتە ئەوەی ئەحمەد شەرع یان ئەبو محەمەد جۆلانی رابەرایەتی دەكرد و پێشتر وەك لقی سووریای رێكخراوی قاعیدە دەناسرا، ئەوان چەندان شەڕیان كردووە و ئەندامی یەكتریان كوشتووە، ئێستەش كە ئەحمەد شەرع دەسەڵاتی نوێی سووریای لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد كەوتە دەست، داعش هەوڵی راكێشانی توندڕۆكانی نارازی لە ریزەكانی تەحریری شام و گرووپەكانی تر دەدات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل