سەرۆكی ئەمەریكا دەیەوێ بە زەبری هێز ئێران ناچاری رێككەوتن بكات، ئێرانیش ئەوە دەزانێت و خۆی لە رێككەوتن دەدزێتەوە و زیاترین كات دەكوژێت، ئێستە ئەمەریكا دوو وادەی بۆ ئێران دیاری كردووە بۆ گەڕی نوێی دانوستان و بۆ واژووكردنی رێككەوتنی ئەتۆمی، كە زەحمەتە ئێران بەو وادانە پابەند بێت، لەو ناوەدا و لە چوارچێوەی شەڕی دەروونیی نێوانیان، ئێران دووپاتی كردەوە كە بۆ شەڕ ئامادەن.
ئەمیر نەسیرزادە وەزیری بەرگریی ئێران رای گەیاند كە هێزە چەكدارەكانی وڵاتەكەی لەسەر هەموو ئاستەكان بۆ شەڕ ئامادەیە، ئامادەسازی تەواوی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو پەرەسەندنەكان هەیە، بەپێی سەرۆكایەتیی ئێران، وەزیری بەرگری راپۆرتێكی تێروتەسەلی لەبارەی توانای سەربازی دوژمن پێشكەش كردووە، هاوكات عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە راپۆرتی خۆی لەبارەی دانوستانەكان خستووەتە روو و رێگەچارەی دیپلۆماسی بەردەوامە.
لەو ناوەدا محەمەد موعتەمەدیزادە پەرلەمانتاری ئێران دووپاتی كردەوە كە پەنابردن بۆ هەڕەشەی سەربازی ئێران ناچاری قبووڵكردن بە دانوستانێك ناكات پێشێلی ئاسایشی نەتەوەییەكەی یان پرەنسیپە جێگیرە ستراتیجییەكانی بكات، ئێران بە بەردەوام باوەڕی لە گفتوگۆ و دیپلۆماسیەت هەبووە، ئاماژەی كرد كە ترەمپ لەبەر چەند هۆكارێك هێرش ناكاتە سەر ئێران، لەوانە بەهۆی بەرژەوەندییە ئابوورییەكان و ئەو بوونە سەربازییەی هەیەتی.
روونی كردەوە، ئێران ئامادەیە بۆ هەر دانوستانێكی هاوسەنگ و دادوەرانە رەچاوی سەروەری و بەرژەوەندییەكانی بكات، هاوكات دانوستانێك قبووڵ ناكات كە دەست بۆ توانا بەرگرییەكانی و ئاسایشی نەتەوەیی ببات، وەك ئاماژەیەك بۆ مافی پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامە مووشەكییەكەی.