دوای ساڵانێك لە بوونی بە مۆڵگە و حەشارگەیەكی پارێزراوی گیراوانی داعش و خێزانەكانیان لە سووریا، وەك شارەزایان بە بۆمبێكی چێنراویان وەسف دەكرد، حكوومەتی كاتیی سووریا كەمپی هۆلی داخست، لەناو بوونی بۆچوونی جیاواز لەبارەی چارەنووسی ئەوانەی لە كەمپەكە بوون، سووریا دەڵێت بەرەو كەمپێكی تر گوازراونەتەوە و راپۆرتی رۆژنامەكانیش باسی هەڵاتنی ژمارەیەكی زۆری دانیشتووانی كەمپەكە دەكەن.
فادی قاسم بەڕێوەبەری كەمپەكە سەر بە حكوومەتی كاتیی سووریا دەڵێت، ئەمڕۆ یەكشەم كەمپی هۆل هاتە داخستن، ئەوەش دوای چۆڵكردنی لە دانیشتووانی كەمپەكە، تەواوی خێزانەكانی تیایدا بوون لە سوورییەكان و ناسوورییەكان گوازرانەوە، حكوومەتی سووریا پلانی بۆ ئەوان هەیە بۆ یەكخستنەوەیان لەگەڵ كۆمەڵگە دوور لە میدیاكان.
لای خۆیەوە سەرچاوەیەك لە رێكخراوە مرۆییەكانی لە كەمپەكە كاریان دەكرد رای گەیاند كە تەواوی كارمەند و تیمەكانی خۆیان لەو كەمپە بردووەتە دەرەوە و كەلوپەل و كەرەستەكانیان كۆ كردووەتەوە و بەرەو دەرەوەی كەمپەكەمان گواستووەتەوە، هەر بەپێی سەرچاوەكان دوای پاشەكشەی هەسەدە لە كەمپەكە لە كۆتای مانگی رابردوو، زۆرینەی كارمەندە بیانییەكانی رێكخراوەكان ئەوانیش كەمپەكەیان جێهێشتووە، ئەو كەمپەی 24 هەزار كەسی تیادا بوو لەوانە 6300 ژن و منداڵی بیانی لە 42 دەوڵەت.
ئەمە و دەسەڵاتدارانی سووریا لە دوای رادەستكردنەوەی كەمپەكە لە هەسەدە، دەستیان كرد بە گواستنەوەی گیراو و خێزان و منداڵەكانی داعش، بەشێك لەوانیان بۆ كەمپێكی تر لە حەلەب گواستەوە و بەشێكی تریان وەك راپۆرتەكان باسی دەكەن بەرەو ناوچەی تر براون وەك ئیدلب، بەشێكیشیان بە یارمەتیی هۆزەكانی ناوچەكە بەرەو شوێنی تر لە ناو سووریا و عێراق و توركیا هەڵاتوون.