شارەزایەكی سیاسی: ئەو نەخشانەی عێراق پێشكەشی كردوون هیچ بەهایەكیان نییە

:: PM:07:44:23/02/2026 ‌

دوای ئەوەی عێراق داتا و نەخشەكانی پێوەست بە سنوور و بواری ئاوی خۆی دایە نەتەوە یەكگرتووەكان، ئێستە مشتومڕ دروست بووە و نێوانی عێراق و كوێت جۆرێك لە ئاڵۆزی تێ كەوتووە و زۆرینەی وڵاتانی كەنداو و عەرەبی پشتی كەێتیان گرتووە، شارەزایەكی سیاسی پێی وایە ئەوەی عێراق ئەنجامی داوە هیچ بەهایەكی یاسایی و تەكنیكی و سیاسی نییە.

د. محەمەد نەعناع شارەزای سیاسی لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، هیچ بەهایەكی یاسایی و تەكنیكی و سیاسی بۆ رەوانەكردنی نەخشەی بواری ئاوی عێراق لە نەتەوە یەكگرتووەكان نییە، وەك لێوردبوونەوەمان بۆی كردووە، ئەو رێوشوێنەی عێراق لە تەنیا خستنەڕووی بۆچوونی عێراق لەبارەی بوارە ئاوییەكەی زیاتر نییە.

دووپاتی كردەوە، بۆیە ئەوەی عێراق ئەنجامی داوە بە گەڕاندنەوەی ئەو بوارە ئاوییەی پێشتر لە سەردەمی رژێمی پێشوو لەدەستی داوە حسێب ناكرێت.  

ئەمڕۆ دووشەم ئەنجوومەنی هاریكاریی كەنداو پەیامێكی لەبارەی سنوور ی ئاوی لەگەڵ كوێت ئاراستەی حكوومەتی عێراق كرد، تیایدا ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنەكە داوای لە عێراق كرد بۆ كێشانەوەی لیستی داتا و نەخشەی دراو بە نەتەوە یەكگرتووەكان كە تیایدا بواری ئاوی عێراق دیاری دەكەن، چونكە دەستوەردانە لە سەروەریی كوێت و بوارە ئاوییەكەی.

بۆیە ئەنجوومەنەكە خوازیارە عێراق دەستپێشخەری بكات و بەخۆیدا بچێتەوە و لیستی داتا و نەخشەكانی لای نەتەوە یەكگرتووەكانی داناوە بكشێنێتەوە. شایەنی باسە جگە لە وڵاتانی كەنداو، هەریەك لە میسر و ئوردن ئەوانیش پاڵپشتیی خۆیان بۆ كوێت بەرانبەر بە عێراق دووپات كردەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل