دوێنێ تۆم باراك نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ سووریا گەیشتە بەغدا و چاوی بە ژمارەیەك بەرپرسی باڵای عێراق كەوت، لەوانە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكەر و سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و هیتریش، هاتنی ئەو لە ساتێكی شلۆقی عێراقە، كە بەهۆی پێكنەهێنانی حكوومەتەكەی چووتە ناو داخرانی سیاسییەوە، هاوكات دۆخێكی شێواوی ناوچەكە.
فەلاح مەشعەل شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، سەردانی باراك بۆ عێراق بەر كاتێكی كەم دێت لە گۆڕانكاریی گرنگ لە ناوچەكە، پێوەست بە شەڕی ئێران و ئەمەریكا یان پێوەندییەكانی عێراق و سووریا، تویتەكەی باراك و بەیاننامەكەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا سەرنجیان خستە سەر دوو خاڵی سەرەكی، كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكانی نێوان عێراق و سووریا و توندكردنی سنوورەكان و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكان.
روونی كردەوە، باراك دووپاتی لە پێویستی بوونی سەركردایەتییەكی نوێی سیاسی بە توانا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان و دروستكردنی سازانی ئەمەریكا و عێراق كردەوە، ئەو سازانەش چەند مەرج و داواكاری ئەمەریكی بۆ حكوومەتی نوێی عێراق تیادایە، لەوانە لاوازكردنی میلیشیاكان و كۆتاهێنان بە بوونی ئێران لە عێراق و یەكخستنی حەشدی شەعبی لەگەڵ هێزە فەرمییەكان و پێداچوونەوە بە حیساباتی دارایی و وەستانی بەهەدەردان و سپیكردنەوەی پارە و لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران و پەرەسەندنی پێوەندییە ئابووری و وەبەرهێنانەكانی نێوان بەغدا و واشنتن.
مەشعەل دووپاتی كردەوە كە ئەركی باراك لەسەر دوو هێڵ دەڕوات، یەكەمیان دامەزراندنی حكوومەتێكی نوێی عێراقی سەر بە ئێران نەبێت، دووەم بەهێزكردنی پێوەندییەكان و ئاساییكردنەوەیان لە نێوان عێراق و سووریا و نەهێشتنی هەر ئاڵۆزییەك، باسی ئەوەش دەكرێت كە ئەمەریكا چەند ناوێكی بۆ سەرۆك وەزیران داوەتە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەڵام بەشی زۆری سەردانەكەی باراك پێوەندی بە سەقامگیریی سووریاوە هەبوو، بە سەقامگیری و هاوئاهەنگیی تەناهی و بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵات.