رەزا پەهلەوی: ئێران لەبەردەم گۆڕانكارییەكی گەورە و مێژوویدایە

:: PM:10:24:23/02/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا، بەڵام پێ دەچێت هەردوولا متمانەیان بە یەكتر نەبێت و شەڕ بژارەیەكی زۆر چاوەڕوانكراوە، ئەگەرچی تا ئێستە وادە و قەبارەی هێرشەكەی ئەمەریكا دیار نییە ئاخۆ دەگاتە ئاستی لەناوبردنی ددەسەڵاتی باڵای ئەو وڵاتە، رەزا پەهلەوی كوڕی شای ئێران پێی وایە وڵاتەكەی لەبەردەم گۆڕانكارییەكی گەورە و مێژووییدایە.

پەهلەوی لە پۆستێك سەبارەت بە دۆخی ئێران دەڵێت، ئێران لەبەردەم گۆڕانكارییەكی گەورە و مێژووییدایە و فاكتەری یەكلاكەرەوە لەو ساتەدا بریتییە لە خواستی گەلی ئێران و هەڵسوكەوتە تێگەیشتووەكەی، ئێستە لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری هێرشێكی سەربازی بۆ سەر ئێران زیاتر لە هەر كاتێكی تر، هەلێك لەبەردەم فەرماندەكانی پۆلیس و سوپا و بەرپرسانی تری باڵا هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی دەستیان بە خوێنی گەل سوور نەبووە، بۆ خۆبەدوورگرتن و حاشاكردن لەو رژێمە تاوانكارە.  

ئەو پۆستەی پەهلەوەی هاوكات لەگەڵ ناڕەزایەتیی قوتابیانی زانكۆكانی تاران و مەشهەد كە چەند رۆژێكە بەردەوامە، هاوكات لەگەڵ زیادبوونی ئەگەرەكانی هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەكە لە حاڵەتی بە بنبەستگەیشتنی گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكا كە گەڕی داهاتووی پێنجشەم لە جنێڤ بەڕێوە دەچێت و سەرۆكی ئەمەریكا 10 بۆ 15 رۆژی بۆ ئێران دیاری كرد بۆ گەیشتن بە رێككەوتن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل