بۆچی نووری مالیكی پاشەكشە ناكات؟

:: PM:07:19:24/02/2026 ‌

ئەمەریكا بەتەواوەتی گوشار لە عێراق و شیعە دەكات بۆ گۆڕینی كاندیدی سەرۆك وەزیران، كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی نووری مالیكیان بە زۆرینەی دەنگ بۆ ئەو پۆستە كاندید كردووە و هەر لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، ئەو بۆ پێكهێنانی حكوومەت دێتە راسپاردن، مالیكی شیعەی بێمنەت كردووە لەوەی دەتوانن بیگۆڕن، بەڵام خۆی پاشەكشە ناكات.

بەشێك لە شارەزایان وای بۆ دەچن كە كاندیدكردنی نووری مالیكی لە لایەن ئێرانەوە بووە، بۆیەش ئەمەریكا رەتی دەكاتەوە، هاوكات هێزە شیعەكان ناتوانن بێ گڵۆپی سەوزی تاران بیگۆڕن، چونكە پاشەكشەكردنی مالیكی پێشێلكردنی رێنوێنییەكانی ئێرانە و لابردنیشی لە لایەن شیعەكان هەر پێشێلكردنە، ئەگەر بە گڵۆپی سەوزی تاران نەبێت، ئەگینا بەو زۆرینە پەرلەمانییەی شیعە هەیەتی دەتوانن دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و راسپاردنی مالیكی ساز بكەن. 

ئیبراهیم عەبادی توێژەر و شارەزا لە كاروباری حزبە ئیسلامییەكان باسی سێ هۆكار بۆ پاشەكشەنەكردنی مالیكی لە كاندیدبوون دەكات، یەكەم/ پێوەستە بە كاندیدكردنی لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە زۆرینەی دەنگ، تا ئێستەش ئەو هێزانە نەیانتوانیوە پاڵپشتی خۆیان بكشێننەوە، دووەم/ دۆخی سیاسیی عێراق و ترسی هەندێك لە هێزەكانی شیعە بە تۆمەتباركردنیان بە ترس و ناجێگیریی هەڵوێستیان، كە پێشتر دژی ئەمەریكا بوونە، بۆیە ملكەچی بۆ گوشارەكانی ئەمەریكا دۆڕان و پاشەكشەیانە لە پڕۆژە سیاسییەكەیان.

ئەو توێژەرە پێی وایە هۆكاری سێیەم بریتییە لە ئاكار و تایبەتمەندییەكانی خودی مالیكی كە كەسێكی توند و پێداگرە و لەبەردەم گوشارەكان پاشەكشە ناكات، هاوكات ئەو گرەوە لەسەر گۆڕینی هەڵوێستی ئەمەریكا بەرانبەری دەكات، لە لایەك ئەگەر شیعە لە پشتی بن و لە لایەكی تر بە رەوانەكردنی پەیام بۆ ئەمەریكا بەوەی ئامادەیە لە دۆسیەكانی داماڵینی چەك و ئابووری و چاكسازی دادوەری لەگەڵیان رێك بكەوێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل