لەوكاتەی بڕیارە پێنجشەمی داهاتوو گەڕێكی نوێی دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا لە جنێڤ لە سویسرا بەڕێوە بچێت، بەرپرسێكی كۆشكی سپی دووپات لەوە دەكاتەوە كە ئەمەریكا لەسەر هەڵوێستی بەرانبەر بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران سوورە، بەوەی نابێت ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی و ناشبێت توانای تەكنیكیی دروستكردنی ئەو چەكەی هەبێت.
روونی كردەوە، هەڵوێستی سەرۆك ترەمپ بەرانبەر بە ئێران روون و توندە، بەوەی ئەمەریكا رێگە بە ئێران نادات ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی یان بوون بە خاوەنی تەكنەلۆجیای بەرهەمهێنانی، بۆیە هێڵی سووری سەرەكیی واشنتن بریتییە لە كۆتاهێنانی تەواوەتی بە چالاكیی پیتاندنی یۆرانیۆم، دووپاتی كردەوە، نابێت ئێران ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی یان توانای بەرهەمهێنانی هەبێت، هەروەها ناشبێت یۆرانیۆم پوخت بكات.
لەگەڵ ئەوەی دانوستانە ئەتۆمییەكانی ئێران و ئەمەریكا بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی بەردەوامە، بەڵام راپۆرتەكانی هەواڵ پێیان وایە سەرۆكی ئەمەریكا زۆر لەسەر ئێرانییەكان ناوەستێت و چاوەڕوانی تەواوگەیشتنی هێزە سەربازییەكەی بۆ كەنداو دەكات بۆ وەشاندنی گورزێكی گەورە لە ئێران، راپۆرتێك باسی بانكی ئامانجەكانی ئەوجارەی ئەمەریكا لە كاتی هێرشكردنە سەر تاران دەكات.
بەپێی پێشبینییەكان لە حاڵەتی شكستهێنان یان بەربەستتێكەوتنی دانوستانەكان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ژمارەیەك بژارەی ئامادەیە، لەوانە چەند گورزێكی سنووردار بۆ رێگرتن لە پەرەپێدانی توانا ئەتۆمی و مووشەكییە بالیستییەكانی ئێران تا گەیشتن بە هێرشێكی فرەوان و سەرانسەری بۆ رووخاندنی رژێمی تاران، هاوكات پلانی تر هەیە لەبارەی جموجۆڵێكی هاوبەشی سەربازیی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، بەڵام گرنگترین ئامانجەكان چین؟