سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕای گەیاند، کار بۆ دروستکردنی بەرەیەکی نوێ دەکەن لە ناوچەکەدا کە دژی بەرەی شیعە و ئیخوان موسلیمین بوەستێتەوە، بۆ وەسفکردنی سنووری ئەم بەرەیەش دەقێکی پیرۆزی ئایینەکەیانی بەکار هێنا.
ئەمڕۆ سێشەم 24ی شوباتی 2026، بنیامین نەتەنیاهۆ لە کۆنفرانسی بەڕێوەبەرانی "شاباک" دەزگای ئاسایشی گشتیی ئیسرائیل ڕای گەیاند، ئێمە ڕووبەڕووی ئالنگارییەک دەبینەوە؛ لە لایەک بەرەیەکی برینداری شیعە و لە لایەکی ترەوە بەرەیەکی سوننە کە ئیخوان موسلیمین نوێنەرایەتیی دەکات.
نەتەنیاهۆ دووپاتی کردەوە، بەرژەوەندییەکی بەهێزمان هەیە لەوەی بەرەیەکی تایبەت بە خۆمان دروست بکەین، بەرەیەک کە وڵاتانی دژبەری هەردوو بەرەی ئیسلامی توندڕەو لەخۆ بگرێت". ئاشکرای کرد کە ئەم میحوەرە زۆر وڵات لەخۆ دەگرێت و لەم ڕۆژانەدا سەردانی یەکتری دەکەن.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەقێکی تەوراتیی بەکار هێنا کە تایبەتە بە جەژنی "پووریم" و گوتی، لێرەدا باس لە بازنەیەکی هەمەلایەنە دەکەم کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەخۆ دەگرێت، وەک دەقەکە دەڵێت: (لە خاکی هوودوودەوە بۆ کووش - واتە لە هندستانەوە بۆ ئەسیوپیا)، یان لە ناوچە زۆر نزیکەکانەوە و هەموو ئەوانەی لە نێوانیاندان تا دەگاتە دەریای سپیی ناوەڕاست.