بەر لە دوو رۆژ لە دانوستانەكانی جنێڤ لە نێوان ئێران و ئەمەریكا بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی، بەرپرسانی هەردوو وڵات كەمتر باسی زمانی چەك و زیاتر باسی رێگەچارەی دیپلۆماسی دەكەن، وەزیری دەرەوەی ئێران، كە سەرۆكی شاندی وڵاتەكەیەتی لە دانوستانەكان لەگەڵ ئەمەریكا دووپاتی كردەوە ئەگەر بوار بە رێگەچارەی دیپلۆماسی بدرێت، گەیشتن بە رێككەوتن نزیكە.
ئەمشەو
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و سەرۆكی شاندی ئێران بۆ دانوستانە ناڕاستەوخۆكان لەگەڵ ئەمەریكا لە جنێڤ نووسیویەتی، رێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكا نزیك بووەتەوە، بەڵام تەنیا لە حاڵەتی بواردان بە رێگەچارەی دیپلۆماسی، ئێران بە سووربوون لەسەر گەیشتن بە رێككەوتنێكی دادوەرانە لە نزیكترین كات دەست بە دانوستانەكانی جنێڤ لەگەڵ ئەمەریكا دەكات.
شارەزایان پێیان وایە بەهۆی قووڵی ناكۆكییەكان و دووری هەردوولا لە داواكاریی یەكتر، گەیشتن بە رێككەوتن لە جنێڤ زەحمەتە، كاتێك چاوەڕوان دەكرێت پێنجشەمی داهاتوو عێراقچی رەشنووسێكی سەرەتایی دەقی رێككەوتن بە تیمی ئەمەریكا بدات، كە لە ستیڤ ویتكۆف نێردراوی تایبەتی ترەمپ و گارید كۆشنەر زاوا و راوێژكاری ترەمپ بدات.
ئەمڕۆ سێشەم مەجید تەخت رەوانچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیداری ئێزگەیەكی ئەمەریكی دەڵێت، تاران ئامادەیە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لە خێراترین كات، ئێمە ئامادەین بۆ هەر هەنگاوێك بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكا، بۆیە لە دانوستانەكانمان لە جنێڤ بەردەوام دەبین، بە هەمان شێوەی هەفتەی رابردوو و گۆڕانكاری بەسەردا نایەت و وەك ئەوەی رێككەوتنمان كردووە بەردەوام دەبین.
رەوانچی دووپاتی كردەوە، ئێمە ئامادەین بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لە خێراترین كات، هەموو هەوڵێك بۆ ئەو كارە دەدەین، ئەوە ئەگەر ویستی سیاسیی هەموو لایەنەكان هەبێت، پێم وایە دەتوانین لە نزیكترین كات بە رێككەوتن بگەین.