رووسیا تیرۆریستە گیراوەكانی خۆی لە عێراق وەردەگرێتەوە

:: PM:04:16:25/02/2026 ‌
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشكرای دەكات، لە دیدارێكی باڵوێزی عێراق لە مۆسكۆ و بریكاری وەزیری ناوخۆی رووسیا، ئەو وڵاتە ئامادەیی خۆی پێشان داوە بۆ ئەوەی ئەو تیرۆریستانە وەربگرێتەوە كە لە گرتووەخانەكانی عێراقدان.

ئەمڕۆ چوارشەم 25ی شوبات، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای دەكات، دوێنێ‌ عەبدولكەریم هاشم باڵوێزی عێراق لە مۆسكۆ، لەگەڵ ئیگۆر زۆبۆڤ بریكاری وەزیری ناوخۆی رووسیا كۆبووەتەوە، لە دیدارەكەدا بەرپرسە رووسییەكە ئامادەیی وڵاتەكەی پێشان داوە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو تیرۆریستانەی لە عێراق گیراون.

هەروەها بریكاری رووسیا دووپاتی كردووەتەوە، دوای ئەوەی ناسنامەی ئەو كەسانە دەسەلمێنرێن كە سەر بە رووسیان، ئەوا رووسیا وەریان دەگرێتەوە.

بەر لە رووسیا توركیا ئامادەیی پێشان داوە بۆ ئەوەی تیرۆریستانی وەربگرێتەوە.

لە ماوەی رابردوودا پێنج هەزار و 704 تیرۆریستی لە گرتووخانەكانی سووریا بۆ عێراق گواستەوە، عێراقیش دووپاتی دەكاتەوە، ئەو تیرۆریستانە سەر بە 60 رەگەزنامەی جیاجیان و دەبێت وڵاتان تیرۆریستەكانیان وەربگرنەوە.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل