هاوكات لەگەڵ ناكۆكی و بەرزبوونەوەی گرژییەكان بەیانی ئەمڕۆ سوپای كوێت مانۆرێكی سەربازی لە نزیك سنووری عێراق ئەنجام داوە و ئەمەیش نیگەرانی عێراقی دروست كردووە.
ئەمڕۆ چوارشەم 25ی شوبات ماڵپەڕی
CNN بڵاوی كردووەتەوە، بەگوێرەی بڵاوبوونەوەی چەند ڤیدیۆیەك بەیانی ئەمڕۆ سوپای كوێت مانۆرێكی سەربازی لە نزیك سنووری عێراق ئەنجام داوە و هێزەكانی كوێت لاستیكی كۆنی ئۆتۆمبیلیان بە ژمارەیەكی زۆر سووتاندووە بۆیە دووكەڵێكی زۆر بەرز بووەتەوە.
تا ئێستا هیچ لێدوانێكی فەرمی لەسەر ئەو بابەتە لە لایەن عێراق و كوێت نییە. ئەمە لە كاتێكدایە گرژیی و ناكۆكی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە لەسەر سنوورەكان دروست بووە. میدیای عێراقی باس لەوە دەكات لە ناوەندی جەماوەری نیگەرانی لەو هەنگاوەی كوێت دروست بووە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە بە فەرمی وەزارەتی دەرەوەی كوێت یاداشتی ناڕەزایی بە باڵوێزخانەی عێراق دا، لەسەر ئەو نەخشانەی كە عێراق بە نەتەوە یەكگرتووەكانی داوە و هەندێك شوێنی عێراق وەك مافی عێراق دیاری كردووە.