هەسەدە: گرووپەکانی دیمەشق بە ئاشکرا ماڵباتەکانی داعشیان لە کەمپی هۆڵ بردووەتە دەرەوە

:: PM:10:44:25/02/2026 ‌
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە بەیاننامەیەکدا وەڵامی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەداتەوە و ڕای دەگەیەنێت، ئەوانەی بەرپرسیارن لە دۆخی کەمپی هۆڵ، ئەو لایەنانەن کە کۆنترۆڵیان لەدەست بووە و بە بەرچاوی کامێراکانەوە خێزانەکانی داعشیان بە قاچاخ بردووەتە دەرەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 25ی شوبات هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی کەمپی هۆڵ ڕای گەیاند، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی دیمەشق خۆی لەو بەرپرسیارێتییە دەدزێتەوە کە لە کەمپی هۆڵ ڕووی داوە، هەروەها خۆی دەدزێتەوە لەو شکستە ڕوونەی لە بەڕێوەبردنی دۆسیەکەدا بوو، دوای دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی وەزارەتی بەرگرییەوە. 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، پێش ئەم ڕووداوانە هێرشی ڕاستەوخۆ و لەشکرکێشی لەلایەن گرووپەکانی سەر بە دیمەشقەوە بە ئاراستەی کەمپەکە ئەنجام درا و پێکدادانەکان گەیشتنە لێواری کەمپەکە. ئەمەش هاوشان بوو لەگەڵ جموجووڵێکی هاوئاهەنگ لەگەڵ بنەماڵەی ئەندامانی داعش لە ناو کەمپەکە بۆ هاندانی ئاژاوەگێڕی، لە سایەی بێدەنگییەکی نێودەوڵەتیی گوماناویدا، بۆیە هێزەکانمان ناچار بوون بکشێنەوە بۆ ئەوەی کەمپەکە نەبێتە گۆڕەپانی شەڕێکی کراوە. 

هەسەدە ئاماژەی بەوەش داوە، دوابەدوای ئەمە، گرووپەکان چوونە ناو کەمپەکە و بە بەردەم چاوی کامێراکانەوە دەستیان کرد بە بەقاچاخبردنی کەسوکاری ئەندامانی داعش. ئەم ئۆپەراسیۆنە بە شێوەیەکی ئاشکرا و بەڵگەدار بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک بەردەوام بوو، بە بەرچاو و لەژێر چاودێریی کارمەندانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ لە حكوومەتی دیمەشق. 

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە دەڵێت، ئەوانەی بەرپرسیارن لەم دۆخە، ئەو لایەنانەن کە لەو کاتەدا کۆنترۆڵ و ئیدارەی ڕاستەقینەیان گرتە ئەستۆ، ئەم ڕاستییانە بە دەنگ و ڤیدیۆ بەڵگەدار کراون و ناتوانرێت بە لێدوانی میدیایی چەواشەکارانە تەمومژاوی بکرێن. 

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا دووپات کراوەتەوە، هێزەکانمان و ئیدارەی کەمپەکە ساڵانێک ئەرکە مرۆیی و ئەخلاقی و تەناهییەکانی خۆیان جێبەجێ کردووە، سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی ئەم بابەتە و نەبوونی پشتیوانییەکی پێویست و ئاستەنگە تەناهییە بەردەوامەکان. 

هەسەدە پێی وایە، ئەو لێدوانە نابەرپرسانەی کە لەلایەن گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ڕاگەیەنراوە، بەشێکە لەو هەوڵە سیاسییانە بۆ بەلاڕێدابردنی رای گشتی و لادانی سەرنج لەو کەموکوڕییە تەناهی و ئیدارییانەی کە هاوکاتی قۆناغی کۆنترۆڵکردنی کەمپەکە بوون لەلایەن ئەو گرووپانەوە. 

لەم چوارچێوەیەدا، هەسەدە ئەم خاڵانەی خوارەوە دووپات دەکاتەوە:
کشانەوەی هێزەکانمان دەرەنجامی ڕاستەوخۆی هێرشی سەربازی و لەشکرکێشی بوو کە کەمپەکە و دەوروبەری لەلایەن دیمەشقەوە کردە ئامانج.
چۆڵکردن و بەقاچاخبردنی خێزانەکانی داعش، دوای هاتنەناوەوەی ئەو گرووپانەی دیمەشق بوو کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ تێوەگلان لەو پرۆسەیە.
بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو، هێزەکانمان پابەندترین لایەن بوون لە بەڕێوەبردنی ئەم پرسە ئاڵۆزە بە بەرزترین پێوەرە مرۆیی و تەناهییەکان.


وشە - پۆڵا مەحموود