دەقی قسەكانی ئەندامی شاندی دەم پارتی لە پەرلەمانی ئەوروپا

:: AM:08:30:26/02/2026 ‌
دوو رۆژە شاندێكی باكور و رۆژئاوای كوردستان لە پەرلەمانی ئەوروپان، میدحەت سانجار ئەندامی شاندی ئیمراڵی دەم پارتی ڕای گەیاند، پێویستە پرۆسەی دیالۆگی نێوان توركیا و كورد لە پەرلەمان چارەسەر بكرێت و بگەیەنرێتە ئاستێكی سیاسی و یاسایی.

میدحەت سانجار ئەندامی شاندی ئیمراڵی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە كۆنفرانسێكدا كە لە پەرلەمانی ئەوروپا بەڕێوەچوو، لەبارەی پرۆسەی گفتوگۆی نێوان توركیا و كورد قسەی كرد.

كۆنفرانسەكە لەلایەن كۆمسیۆنی هاووڵاتییانی توركیای یەكێتیی ئەوروپا و ئەڤین ئینچیر ئەندامی گرووپی هاوپەیمانی پێشكەوتنخوازی سۆسیالیست و دیموكراتەكان (S&D)، لە پەرلەمانی ئەورووپا ڕێكخرابوو.

گوتاری دەستپێكی كۆنفرانسەكە لەلایەن د. دێرسیم داغدەڤیرن ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی كۆمسیۆنەكەوە پێشكەش كرا، هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك كرا.

هەروەها ئەندرێس شیدەر لە گرووپی هاویمانی پێشكەوتنخوازی سۆسیالیست و دیموكراتەكان، لە گوتارێكدا پشتیوانیی خۆی بۆ داواكارییەكانی گەلی كورد دەربڕی، دواتر میدحەت سانجار ئەندامی شاندی ئیمراڵی دەم پارتی بە زمانی ئەڵمانی قسەی كرد.

سانجار ڕای گەیاند، ئامانجی پرۆسەكە چارەسەركردنی پرسی بنەڕەتیی كێشەی كوردە، پێوەندیی بە كردنەوەی ڕێگەكانەوە هەیە بۆ چارەسەركردن و گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەری.

سانجار باسی لەوەش كرد، پرۆسەكە لەسەر پێكهاتەیەكی سێ ستوونی بنیات نراوە، ئێستە لە قۆناغی یەكەمدان. ئامانج لێی بنیاتنانی ئاشتییەكی بەردەوامە و پێویستە ئێستە لە پەرلەمان چارەسەری پرۆسەكە بكرێت و هاوتاكەی لەسەر ئاستی سیاسی و یاسایی بدۆزرێتەوە. سانجار بە ئاماژەدان بەوەی كە پێویستە لەسەر ئاستی سیاسی هەموو ڕەهەندەكانی پرسەكە چارەسەر بكرێن.

گوتی: هێشتا زۆر شت ماوە بكرێت، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین كە ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەكی مێژووییە، دەرفەتێكی مێژووییە بۆ كورد.

میدحەت سانجار ئاماژەی بەوە دا، نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت كە ئەم پرۆسەیە نەك تەنیا بۆ لایەنێك، بەڵكو بۆ هەموو ناوچەكە چارەنووسسازە، ئەگەر ژینگەیەكی سەلامەت دروست بكرێت، ئەمە تەنیا مانای ئاشتی نابێت، بەڵكو هەنگاوێك دەبێت بەرەو ئازادیی بۆ هەموو توركیا و هەموو ناوچەكە و وڵاتانی تریش كاریگەرییان لەسەر دەبێت.

سانجار ڕای گەیاند، ئەركەكە گرنگە و بەرپرسیارێتییەكە گەورەیە و ئەمەش بەڕاستی گرنگە. دووپاتی لەسەر پێویستی تەواوكردنی سەركەوتووانەی پرۆسەكە كردەوە و گوتی: گەیشتن بە ئاشتی بە واتای گەیشتن بە دیموكراسیش دێت، پێمان وایە ئاشتی و دیموكراسی بەیەكەوە گرێ دراون، یەكێكیان بەبێ ئەوی تر ناتوانێ بوونی هەبێت، دیموكراسی بۆ گەل گرنگییەكی ژیانییە.



وشە - سۆران عەزیز