ئەمەریكا چەند داواكارییەك پێشكەش ئێران دەكات

:: PM:05:10:26/02/2026 ‌

دوای وەسفكردنی كەشوهەوای گەڕی ئەمڕۆی دانوستانەكانی جنێڤ لە نێوان ئێران و ئەمەریكا بە ئەرێنی، بەدر ئەلبوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان رای گەیاند كە دانوستانكارە ئەمەریكی و ئێرانییەكان دانیشتەكانیان بەشێوەیەكی كاتی هەڵپەسارد، بەو پێیەی لە كاتێكی تر ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم دەست پێ بكەنەوە. 

وەزیرە عومانییەكە دووپاتی لەوەش كردەوە كە هەردوولا ئاڵوگۆڕی بیرۆكەی ئەرێنی و نوێیان كردووە، هیوای خواست بتوانن پێشوەچوونی زیاتر بەدەست بێنن، هاوكات چەند سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاشكرایان كرد بەوەی ئەمەریكا پێنج داواكاری لە رێگەی عومانەوە پێشكەش بە شاندی ئێران كردووە، لەوانە لەناوبردنی هەرسێ وێستگە ئەتۆمیی فۆردۆ و نەتەنز و ئەسفەهان و رادەستكردنی تەواوی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ ئەمەریكا، وەك رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" باسی كرد. 

هەروەها ئەمەریكا داوای كردووە دەبێت دووپات لەوە بكرێتەوە كە كۆت و پابەندییەكانی ئێران بەردەوامن و كاتی كۆتاهاتنیان نییە، ئەوەش جیا لە رێككەوتنی ئەتۆمی 2015، هەروەها وەستانی تەواوەتیی پیتاندنی یۆرانیۆم و رێگەدان بە مانەوەی كورەی ئەتۆمیی تاران و سووكردنێكی سنووردار و پێشوەختەی سزاكان، وەك هەنگاوێكی نیازپاكی، لەگەڵ سووككردنی زیاتر ئەگەر ئێران پابەندی مەرجەكانی ئەمەریكا بێت.  

چەند سەرچاوەیەكی ئاگەداریش ئاماژەیان كرد كە ئەمڕۆ پێنجشەم ئێرانی و ئەمەریكییەكان راستەوخۆ دانوستانیان كردووە، وەك "ئاكسیۆس" باسی كردووە، كاتێك كەژاوەی ئۆتۆمبێلەكانی دیپلۆماتكارە ئەمەریكییەكان بینراوە كە لە نووسینگەی نێردەی عومان لە جنێڤ دەچنە دەرەوە، واتە شوێنی سازكردنی دانوستانەكانی بەیانی ئەمڕۆ.

بەپێی سەرچاوەكان ئێستە سێ خاڵی ناكۆكی سەرەكیی هەردوولا بریتین لە رێژەی رێگەپێدراوی پیتاندنی یۆرانیوم، چارەنووسی ئەمباری یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی ئێران كە بڕەكەی 400 كیلۆگرامە و سووربوونی ئەمەریكا لەسەر دانانی میكانیزمێكی توند بۆ چاودێریكردنی چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل