شەمخانی: ئەگەر گرێ كوێرەی ئەمەریكا چەكی ئەتۆمی بێت رێك دەكەوین

:: PM:05:31:26/02/2026 ‌

ئێران زیاتر گوتارەكانی بۆ هێوركردنەوەی ناوخۆی وڵاتەكە و نەهێشتنی ناڕەزایەتییەكانە، ئەگینا دەزانێت ئەوەی ئەمەریكا بە رێگەچارەی دیپلۆماسی یان بە گوشاری سەربازی و شەڕ داوای لێ دەكات زۆر قورسە، ئەو دەیەوێ زیاترین كات بەدەست بێنێت، عەلی شەمخانی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی ئێران رای گەیاند كە وڵاتەكەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی نادات.

ئەمڕۆ پێنجشەم شەمخانی لە تویتێك لە تۆڕی ئێكس دوای دەست پێكردنی دانوستانە ناراستەوخۆكانی جنێڤ نووسیویەتی، ئەگەر بابەتی سەرەكی لە گفتوگۆكان ئەوە بێت ئێران چەكی ئەتۆمی بەرهەم نەهێنێت، ئەو بابەتە لەگەڵ فەتوای رابەری باڵا و بیروباوەڕ و دەستووری بەرگریی ئێران یەك دەگرێتەوە، وا دەكات گەیشتن بە رێككەوتنێكی خێرا بەردەست بێت. 

دووپاتی لەوەش كردەوە كە گڵۆپی سەوز بە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و سەرۆكی شاندی ئێران لە دانوستانەكانی جنێڤ دراوە و گوتی، عێراقچی پاڵپشتی و دەسەڵاتی پێویستی هەیە بۆ سازكردنی ئەو رێككەوتنە.

ئەوە لەوكاتە هەر ئەمڕۆ مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران رای گەیاند كە وڵاتەكەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی نادات و پابەندن بە فەتوای عەلی خامنەیی رابەری باڵا لەوبارەوە، زیاتر گوتی، تاران بە بەردەوام دووپاتی كردووەتەوە كە هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی نادات، بەڵام هیچ هێزێك ناتوانێت ئێران برووخێنێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل