یەكێك لە پەرەسەندنەكانی ئەوجارەی دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا، كە ئاماژەیە بۆ سازشكردنی زیاتری ئێران بەرانبەر بە گوشارە توندەكانی ئەمەریكا و ئەگەری هێرشكردنە سەر تاران، رازیبوونی ئێرانە بە دانوستانی راستەوخۆی لەگەڵ شاندی ئەمەریكا لە جنێڤ، كاتێك سەرۆكی شاندی هەردوولا لەپاڵ دانوستانە ناراستەوخۆكان بە ناوەندگیریی عومان، گفتوگۆیەكی راستەوخۆیان كردووە.
سەرچاوەیەكی ئاگەدار بە تۆڕی
"سی ئێن ئێن"ی ئەمەریكی راگەیاندووە، ئەمڕۆ لە میانی دانوستانەكانی جنێڤ لە نێوان ئێران و ئەمەریكا، ستیڤ ویتكۆف نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران راستەوخۆ كۆ بوونەتەوە و گفتوگۆیان كردووە، بەڵام سەرچاوەكە ماوەی كۆبوونەوە راستەوخۆكە و ناوەڕۆكی ئاشكرا نەكرد.
شارەزایان پێیان وایە دیداری راستەوخۆی بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا و ئێران لەو دۆخەدا، پەرەسەندنێكی گرنگە لە سایەی زیادبوونی ئاڵۆزییەكانی نێوان هەردوو وڵات، لای خۆیەوە ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی كردەوە كە لێدوانە دژبەیەكی بەرپرسانی ئەمەریكا گومان و پرسیار دروست دەكەن لەبارەی راستی هەڵوێستی واشنتن.
روونی كردەوە، بابەتی دەست پێكردنی گفتوگۆكان زۆر گرنگە و ئاساییە لە لایەن میدیاكانەوە بە وردی رووماڵ بكرێت، بەڵام ئەوەی تا ئێستە خراوەتە روو تەنیا پێشبینییە و ناتوانرێت هیچی دووپات بكرێتەوە، ئێستە ئێران سەرنجی خستووەتە سەر چوارچێوە و رێنوێنییەكانی سەركردایەتیی باڵا و هەوڵەكان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی ئێرانە.