سێیەم گەڕی دانوستانی ئێران و ئەمەریكا كۆتایی هات

:: PM:10:01:26/02/2026 ‌

وەك بڕیار بوو ئەمڕۆ پێنجشەم سێیەم گەڕی دانوستانی ئەتۆمیی ئێران و ئەمەریكا لە جنێڤ لە سویسرا بە ناوەندگیریی عومان بەڕێوە چوو، بەیانی ئەمڕۆ ئەوان دەستیان بە دانوستان كرد، بەڵام بۆ چەند سەعاتێك بە مەبەستی راوێژكاری دانیشتنەكانیان هەڵپەسارد، ئێوارەی ئەمڕۆ جارێكی تر دەستیان بە دانوستان كردەوە و ئەمشەو دانوستانەكان كۆتاییان هات و بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندی تەكنیكی هەردوولا لە جنێڤ كۆ ببنەوە.

وەك ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی بڵاوی كردەوە، بەدر ئەلبووسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان رای گەیاند، دانوستانەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێرانمان دوای رۆژێك كە پێشوەچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی بە كۆتا هێنا، لە پۆستێك زیاتر گوتی، بەمنزیكانە لە دوای راوێژكاری لە پایەتەختی وڵاتانی دانوستانكار، جارێكی تر دەست پێ دەكەینەوە، بەو پێیەی كۆبوونەوەكان لەسەر ئاستی تەكنیكی هەفتەی داهاتوو لە جنێڤ بەڕێوە بچێت. 

لای خۆیانەوە ئێوارەی ئەمڕۆ میدیاكانی ئێران داوكارییەكانی تارانیان لە دانوستانەكانی جنێڤ ئاشكرا كرد، تەلەڤزیۆنی ئێران گوتی، ئەو پێشنیازەی ئێران پێشكەشی كردووە، گواستنەوەی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی ئێران بۆ دەرەوە ناگرێتەوە، دووپات لە بەكارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆمی و پارێزگاریكردن لە بەرهەمهێنانی سووتەمەنی ئەتۆمی دەكاتەوە، هاوكات ئێران داوای لابردنی سزاكان و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردووە.

لە بەرانبەر بەوەدا ماڵپەڕی "ئاكسیۆس"ی ئەمەریكی لە سەرچاوەیەكی گواستەوە كە ستیڤ ویتكۆف نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا و گارید كۆشنەری زاواكەی ترەمپ هەستیان بە نائومێدی كردووە بەرانبەر بەو پێشنیازانەی ئێران لە دانیشتنەكانی بەیانیی ئەمڕۆ پێشكەشیان كردووە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل