فەرماندەی سوپای ئەفغانستان ڕای گەیاند، ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەیان دژی خاڵە سەربازییەکانی پاکستان دەست پێ کردووە و هۆشداری دەدات ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، شەڕ دەگوازنەوە بۆ قووڵایی خاکی پاکستان و تەنانەت ئیسلامئابادی پایتەختیش.
ئەمڕۆ هەینی 27ی شوباتی 2026، قاری فەسیحەدین فیترەت فەرماندەی سوپای ئەفغانستان، لە لێدوانێکدا ڕای گەیاند، ڕێگە بە هیچ دەستدرێژییەک بۆ سەر یەکپارچەیی خاکەکەمان نادەین و هێزەکانمان توانای بەرگریکردنیان لە هەموو بستێکی خاکی ئەفغانستان هەیە.
فەرماندە سەربازییەکە دووپاتی کردەوە، وەڵامیان بۆ هەر هێرشێک توندتر دەبێت و گوتی، سوپای ئەفغانستان خاوەنی ئەو توانایەیە کە جەنگ بگوازێتەوە بۆ ناو قووڵایی خاکی پاکستان، بە پایتەختەکەی (ئیسلامئاباد)ـیشەوە، ئەگەر پێویست بکات.
ئەم لێدوانە ئاگرینە دوای زنجیرەیەک هێرشی ئاڵوگۆڕکراو دێت لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات. پێشتریش کابوول نیگەرانیی خۆی دەربڕیبوو لەوەی خاکی پاکستان وەک خاڵی دەستپێک بۆ هێرشکردنە سەر ئەفغانستان بەکار دەهێنرێت، بۆیە سوپاکەی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.