هێزی ئاسمانیی ئێرائیل ئەمڕۆ رای گەیاند، شەوی رابردوو زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر باشووری لبنان ئەنجام داوە، بەوەیش ژێرخانی حزبوڵای كردووەتە ئامانجی و زیانی زۆری پێ گەیاندوون. ئەوەیش دەڵێ كە لە هێرشەكانیان بەردەوام دەبن.
پێگەی
"شەفەق نیوز" ئەمڕۆ شەموو 28ی شوبات بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی راگەیەنراوەكەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل كە لە رێگەی تیلیگرامەوە بڵاوی كردووەتەوە، هێرشە ئاسمانییەكانیان ناوچەكانی هەرێكی تفاح و برغز و لویزەی گرتووەتەوە و ژێرخانی حزبوڵای لبنانی كردووەتە ئامانج و زیانی زۆری پێگەیاندوون. هۆكاری هێرشەكەی بۆ پێشێلكردنی رێككەوتنەكەی راگەیاندووە.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئەو ئۆپراسیۆنە وەڵامێكە بۆ پێشێلكردنی بەردەوامی حزبوڵا بۆ رێككەوتنەكەی ئاگربەست، بۆ ئەوەیش ژێرخانی حزبوڵامان كردە ئامانج، تا ئەو حزبە لە پێشێلكردنەكانی بەردەوام بێت، هێرشەكانی ئیسرائیلیش بەردەوامییان دەبێت.
لە 27ی تشرینی دووەمی 2024، ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لبنان هاتە كایەوە، ئەویش دوای ئەوەی 14 مانگ شەڕ لە نێوان هەردوولا بەردەوام بوو، دواتر بە پلانێكی ئەمەریكا، رێككەوتنی ئاگربەست واژوو كرا. ئێستەیش جارجارە ئیسرائیل حزبوڵا بە پێشێلكردنی ئاگربەستەكە تۆمەتبار دەكات و حزبوڵایش پێچەوانەكەی رادەگەیەنێت.
بەپێی پلانەكە، پێویست بوو سوپای لبنان تا ماوەی 60 رۆژ كۆنترۆڵی ناوچەكانی باشوور بكات، حزبوڵایش هێزەكانی بۆ باكوری رووباری لیتانی بكشێنێتەوە كە نزیكەی 30 كلیۆمەتر لە سنوورەكانی ئیسرائیل دوورە. لەلایەكی تریشەوە بەپێی رێككەوتنەكە، هێزەكانی ئیسرائیل وردە وردە لە لبنان بكشێننەوە.