بەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل و ئەمەریكا هێرشێكی كتوپڕی ئاسمانیان كردە سەر ئێران، بەوەش ئەو هەڕەشەی ماوەیەك بوو دەیان كرد، ئەمڕۆ كردیانە كردەنی و تا ئێستە چەندان هێرشی ئاسمانیان كردووەتە سەر ئامانجەكانی ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ رێكخراوی مانگی سووری ئێرانی رای گەیاند كە لە هێرشەكانی ئەمڕۆدا نزیكەی هەزار كوژراو و بریندار هەن.
رێكخراوەكە ئاماژەی كرد كە لە هێرشەكانی ئەمڕۆی ئاسمانی بۆ سەر چەند ناوچەیەكی ئێران، 201 كەس كوژراون و 747 كەسیش بر یندار بوونە، 24 پارێزگەی ئێران هێرشیان كراوەتە سەر و 220 تیمی رێكخراوەكە لە شوێنی هێرشەكان كاری خۆیان كردووە.
لای خۆیانەوە میدیاكانی ئیسرائیل رایان گەیاند كە هێرشەكەی ئەمڕۆی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، 30 بەرپرسی سیاسی و تەناهیی ئێرانیان كردووەتە ئامانج، كەناڵی 12ی ئیسرائیلی لە چەند سەرچاوەیەكی گواستەوە كە یەكەم هێرشی ئاسمانی لە سەعات 8:10 خولەكی بەیانی ئەمڕۆ هاتە ئەنجامدان، كۆبوونەوەیەكی 30 سەركردەی سیاسی و تەناهیی ئێرانی لە چەند شوێنێكی تاران گۆتەوە، ئەوانیان لە ماوەی 30 چركەدا كردە ئامانج.
بەپێی كەناڵەكە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل 30 هێرشی كردووەتە سەر ئەو شوێنە، كە بەپێی راپۆرتەكان عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران لەوێ بووە، بۆیە سكرتێری سەربازی ئەو كوژراوە، هاوكات ئەگەری كوژرانی خامنەیی خۆشی هەیە.