ترەمپ: ئێران خواستی راستەقینەی بۆ رێككەوتنی نییە

:: PM:10:01:28/02/2026 ‌

لە شەڕی 12 رۆژەی هاوینی رابردووی ئیسرائیل و ئێران، ئەمەریكا 60 رۆژی بۆ ئێران دیاری كرد بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، كەچی ئێران دوای پێنج گەڕی دانوستان خۆی لە رێككەوتن دزیەوە و ئەمەریكا گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل هەڵ كرد، ئەوجارە ترەمپ بواری بۆ ئێران بۆ گەیشتن بە رێككەوتن دیاری كرد، بەڵام لە دوایین گەڕی دانوستانەكان پێنجشەمی رابردوو ئێران بیرۆكەی نوێی خستە روو، ئەوەش وای كرد ترەمپ بڕیاری هێرش بدات.

ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا چەند جارێك باسی دەست پێكردنی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران كرد، دوایین جار بە كەناڵی 12ی ئیسرائیلی راگەیاند كە چەند كۆتاییەكەی ئەو شەڕ و هێرشەی بەدەستەوەیە لەوانە درێژكردنەوە یان كورتكردنەوەی ماوەكەی، دوای گفتوگۆكردنی هێرشەكەی ئەمڕۆ لەگەڵ بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل گوتی، گفتوگۆیەكی باشمان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئەنجام دا و لە بۆچوونەكان كۆكین، ئێران لە گەیشتن بە رێككەوتن نزیك بوو، بەڵام پاشەكشەی كرد، دیارە خواستێكی راستەقینەی بۆ گەیشتن بە رێككەوتن نییە.

بەیانی ئەمڕۆ شەموو هێرشێكی كتوپڕی سەربازیی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمەریكا وەك خۆیان ناویان ناوە پێشوەختە، بۆ سەر ئێران دەستی پێ كرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رای گەیاند كە ئامانجی ئەو ئێران ببێتە دەوڵەتێكی ئارام و گەلی ئێران ئازاد ببێت، لەوكاتەی ئێران دەیەوێ بازنەی رووبەڕووبوونەوە و شەڕ فرەوان بكات. 

ترەمپ لە دیدارێكی رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریكی گوتی، هەموو ئەوەی من دەمەوێت ئازادییە بۆ گەلی ئێران، گرنگە بتوانین ژیان لە ژینگەیەكی ئارام بۆ گەلی ئێران وابین بكەین كە رێز لە ماف و ئازادییە سەرەكییەكانیان بگیرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل