رۆیتەرز: تەرمی خامنەیی دۆزراوەتەوە

:: PM:10:56:28/02/2026 ‌
ئەمڕۆ ئیسرائیل و ئەمەریكا هێرشێكی گەورەی سەربازییان كردە سەر ئێران، وەك خۆیان باسی دەكەن كۆبوونەوەیەكی گرنگیان كردووەتە ئامانج كە عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران تیایدا بەشدار بووە، لە پاڵ ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی سیاسی و فەرماندەكانی سوپای پاسداران، ئەمشەو چەند سەرچاوەیەكی ئیسرائیلی دووپاتیان كردەوە كە خامنەیی لە هێرشەكانی ئەمڕۆ كوژراوە.

ئاژانسی "رۆیتەرز"، لە چەند سەرچاوەیەكی ئیسرائیلی گواستەوە كە عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران لە هێرشەكانی ئەمڕۆ كوژراوە، ئاژانسەكە دەڵێت، یحیئیل لیتەر باڵوێزی ئیسرائیل لە واشنتن بە بەرپرسانی ئەمەریكا راگەیاندووە كە عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران لە هێرشەكەی بەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر نووسینگەكەی كوژراوە.

ئەمە و بەپێی هەواڵەكانی "سكای نیوز"، سەرچاوەكان دووپات لە كوژرانی عەلی خامنەیی دەكەنەوە، جیا لەو باسی ئەوەش دەكرێت كە فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران ئەویش لەگەڵیدا كوژراوە، لە كاتی كردنەئامانجی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بۆ كۆبوونەوەیەكی گرنگ لە بەیانی ئەمڕۆ شەموو.

ئەمشەو بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رای گەیاند كە بەڵگەكانی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران لە ژیاندا نەماوە لە زیادبوونن، ئەو داوای لە گەلی ئێران كرد بۆ رووخاندنی رژێمی ئەو وڵاتە.

نەتنیاهۆ ئاماژەی كرد كە ئەو هەڵمەتە سەربازییەی ئیسرائیل بە هاوركاریی ئەمەریكا لە دژی ئێران جێبەجێی دەكات بەهەر شێوەیەك بێت بەردەوام دەبێت، ئیسرائیل و ئەمەریكا هاریكارییەكی بەهێزیان هەیە و سوپاسی سەرۆك ترەمپ دەكەین بۆ سەركردایەتییە مێژووییەكەی، ئەو شەڕە بەرەو ئاشتیمان دەبات، رژێمی ئێران ژمارەیەكی زۆر ئیسرائیلی كوشتووە و نابیبَت دەستی بە چەكی ئەتۆمی بگات و هەڕەشە لە بوونمان بكات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل