ئیسرائیل 30 بۆمبی بۆ كوشتنی خامنەیی بەكار هێناوە

:: PM:11:16:28/02/2026 ‌

بەیانی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل كۆبوونەوەیەكی گرنگی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران و ژمارەیەك لە فەرماندەكانی سوپای پاسداران و سەركردەكانی ئێرانیان كردە ئامانج، ئەمشەو هەواڵی كوژرانی خامنەیی و دۆزینەوەی تەرمەكەی و ناسینەوەی هاتە راگەیاندن، كەناڵێكی ئیسرائیلی باسی بەكارهێنانی 30 بۆمب لە بۆردمانكردنی نووسینگەكەی خامنەیی ئاشكرا دەكات. 

بەپێی كەناڵی 12ی ئیسرائیلی لە هێرشە هاوبەشەكەی ئیسرائیل و ئەمەریكا لە بەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر ئێران، شوێنی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران بە 30 بۆمب بۆردمان كراوە، شوێنی ئەو لە ژێر زەوی بووە، بەڵام كاتی بۆردمانەكە لە حەشارگە تایبەت و پارێزراوەكەی نەبووە.

لای خۆیەوە عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە دوای هەواڵی كوژرانی عەلی حامنەیی رابەری باڵای ئێران لە پۆستێكی لە تۆڕی ئێكس هەڕەشەیەكی توندی ئاراستەی ئیسرائیل و ئەمەریكا كرد و بەڵێنی دا وانەیەكیان پێ بدات لەیادی نەكەن، ئەو نووسیویەتی، سەربازە ئازاكانی ئێران وانەیەك بە داگیركەرە نێودەوڵەتییەكان دەدەن كە لەیادی نەكەن.

ئەمشەو ئاژانسی "رۆیتەرز"، لە چەند سەرچاوەیەكی ئیسرائیلی گواستەوە كە عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران لە هێرشەكانی ئەمڕۆ كوژراوە، ئاژانسەكە دەڵێت، یحیئیل لیتەر باڵوێزی ئیسرائیل لە واشنتن بە بەرپرسانی ئەمەریكا راگەیاندووە كە عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران لە هێرشەكەی بەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر نووسینگەكەی كوژراوە.

ئەمە و بەپێی هەواڵەكانی "سكای نیوز"، سەرچاوەكان دووپات لە كوژرانی عەلی خامنەیی دەكەنەوە، جیا لەو باسی ئەوەش دەكرێت كە فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران ئەویش لەگەڵیدا كوژراوە، لە كاتی كردنەئامانجی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بۆ كۆبوونەوەیەكی گرنگ لە بەیانی ئەمڕۆ شەموو.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل