دوێنێ ئیسرائیل و ئەمەریكا گورزێكی گەورەیان لە سوپای پاسدارانی ئێران دا و پۆلێك لە فەرماندە باڵاكانی سوپاكەیان كوشت، ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا رای گەیاند كە سوپای پاسداران بێ بارەگەی سەركردایەتی ماوەتەوە.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەك دەڵێت، لە ماوەی 47 ساڵی رابردوو سوپای پاسدارانی ئێران زیاتر لە هەزار ئەمەریكی كوشتووە، دوێنێ هێرشێكی فرەوانی ئەمەریكا سەری مارەكەی پان كردەوە، كاتێك ئەمەریكا خاوەن بەهێزترین سوپایە لە دنیا و ئێستە سوپای پاسداران بێ بارەگەی سەركردایەتی ماوەتەوە.
دوێنێ شەموو فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا لە ئۆپراسیۆنێكی هاوبەشی سەربازی هێرشیان كردە سەر ئێران و چەند كۆبوونەوەیەكی بەرپرسانی باڵای سوپای پاسدارانی ئێرانیان كردە ئامانج كە عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران تیایدا بەشدار بووە، بەو هۆیەوە جیا لە خامنەیی، ژمارەیەك لە فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسدارانیان كوشت.
د. محەمەد نەعناع توێژەر و شرۆڤەكاری سیاسی ئاماژەی كرد، ئێران بەتەواوەتی شەڕەكەی دۆڕاند، چونكە هیچ ئامرازێكی نوێی سەربازی نەبوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی دوژمنەكانی، جیا لەوە توانای بەرگەگرتن و باڵادەستی نەبوو، بۆیە مەرجەكانی لایەنی براوە قبووڵ دەكات، كە لە دوایین گەڕی دانوستانەكان پێنجشەمی رابردوو رەتی كردنەوە، ئەو مەرجانەی لە گەڕەكانی پێشوو قبووڵ كردن و لەو گەڕەی دوایی رەتی كردنەوە و پابەندی رێككەوتنی كۆتایی نەبوو.