پارێزگاری کەرکووک بڕیاری دا دەوامی فەرمی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ڕابگرێت، ئەوەش وەک پابەندبوون بە ماتەمینیی گشتی بۆ کوژرانی ڕێبەری باڵای ئێران.
ئەمشەو یەکشەم یەکی ئاداری 2026، ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکووک لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، بڕیار دراوە بە ڕاگرتنی دەوامی فەرمی بۆ هەردوو ڕۆژی سبەی دووشەم و سێشەم لە تەواوی قوتابخانەکانی کەرکووک (باخچەی ساوایان، سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی).
بەپێی بڕیارەکە، پشووەکە زانکۆی کەرکووک و کۆلێژە ئەهلییەکانی (کیتاب، قەڵەم و جەعفەر سادق)ـیش دەگرێتەوە.
پارێزگاری کەرکووک دووپاتی کردووەتەوە، ئەم پشووە دوای ئەوە دێت کە حكوومەتی فیدراڵ ماتەمینیی گشتی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە سەرتاسەری عێراق ڕاگەیاند، بەبۆنەی کوژرانی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران.