ترەمپ: بەرلەوەی بمكوژێ.. دەستپێشخەریم كرد و خامنەییم كوشت

:: AM:11:19:02/03/2026 ‌
ئەمڕۆ سێیەمین رۆژی هێرشی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوامە كە لەناو ئەم سێ رۆژدا جیا لە كوژرانی رێبەری باڵای ئێران، دەیان سەركردەی ئەو وڵاتە كوژراون. لە دیمانەیەكدا سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند، بەرلەوەی خامنەیی بمكوژێت، من دەستپێشخەریم كرد و كوشتم.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم دووی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە دیمانەیەك لەگەڵ تۆڕی "ئەی بی سی نیوز" رای گەیاند، تا ئێستە دووجار ئێرانییەكان ویستوویانە بمكوژن، ئەمجارە كە خامنەیی ویستووی بمكوژێت، دەستپێشخەریم كرد و كوشتم.

ترەمپ بۆ تۆڕەكە زیاتر گوتی، پێی گەیشتم بەرلەوەی ئەو بە من بگات.. ئەوان دووجار ویستیان هەوڵی كوشتنم بدەن، بەڵام من پێشیان كەوتم و دەستی خۆم وەشاند.

ئەو قسانەی سەرۆكی ئەمەریكا لە كاتێكدایە جەنگ لە دژی ئێران زۆر بە چڕی بەردەوامە. ترەمپ دووپاتی كردەوە كە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا لە ساڵی 2024دا، ئێران هەوڵی تیرۆركردنی داوە.

پێشتر بە ناوەندگیریی عومان، سێ گەڕی دانوستان لە نێوان ئەمەریكا و ئێران لە عومان و جنێڤ بەڕێوە چوون، بەڵام وێڕای ئەوەی ئێران دانوستانەكانی بە "باش" ناو برد، بەڵام هیچ ئەنجامێكی بەرچاوی بەخۆوە نەبینی، بۆیە بەیانیی رۆژی شەموو 28ی شوبات، ئیسرائیل بە هاوكاریی ئەمەریكا، هێرشی كردە سەر ئێران و هێرشەكەیش جیا لە تاران، پێنج پارێزگای گرتەوە، بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە و ژمارەیەكی زۆریش بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە كوژراون، لەناویاندا عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران و عەلی شەمخانی و عەبدولڕەحیم مووسەوی و زۆری تر لە بەرپرس و فەرماندەكانی ئەو وڵاتە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د